سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت

سەرۆك بارزانی وەك مەرجەع مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت
بەرێز هێمن هەورامی لە دیمانەیەكی تایبەت بە گوڵان دەڵێ : سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ئامەد كۆمەڵێك رەهەند و مانای سیاسی و ئاماژەی گرنگی تێدایە، لەوانەش سەرۆك بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو سەردانە دەكات، هەربۆیە بۆ سەردانێكی مێژوویی وەها (كەسەكان، شوێن، كات و سیاقی گشتی رۆڵی گرنگ لە بەخشینی مانا سیاسییەكان دەبینن. سەردانی سەرۆك بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، واتە قوڵتر بوونەوەی پێگەی هەرێمی كوردستان بە ئاراستەی لایەنێكی ئاكتیڤی ناوچەكەیە كە هێزە هەرێمایەتییەكان نەك ناتوانن رۆڵی هەرێمی كوردستان نادیدە بگرن، بەڵكو دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكەن و بەرژەوەندی و سەرنج و روانگەو ئەولەویەتەكانی لە بەرچاو بگرن. ئەم سەردانە، بەو مانایەیە كە پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پێشەوە دەچێت و پاشەكەشە ناكات.

دەرخەری ئەو راستییە كە سەرۆك بارزانی، وەك مەرجەعی پرسی كورد لە سەر ئاستی پارچەكانی دیكە و حكومەتی ئەو وڵاتانەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت. دەرخەری سەركەوتووی ئەو ستراتیژەیە، كە سەرۆك بارزانی داڕێژەریەتی بەوەی كە پرسی كورد بە رێگا چارەی سەربازی چارەسەر ناكرێت و كورد بەهێز لە ناو ناچێت و ئەگەر هەر لایەنێك ئامادەی گفتوگۆ و رێگا چارەی ئاشتی بێت، ئەوا كوردیش ئامادەیە. ئەم سەردانە بە مانای سەركەوتنی ئەو لۆجیكە سیاسییەیە كە سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتاوە بۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی كورد لە باكور كردویەتی.

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بۆ ئێمەی كورد، لە هەموو پارچەكانی كوردستان پرسێكی ستراتیژییە.
هەورامی باسی هەڵوێستی جەهەپە و مەهەپەشى كرد و گوتی: رەنگە جیاوازییەك هەبێت لە هەڵوێستی جەهەپە و مەهەپە. هەفتەی پێشوو ئێمە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنال بووین كە بە میوانداریی جەهەپە لە ئێستانبوڵ بەڕێوچوو. بەرپرسانی باڵای جەهەپەمان بینی، رەخنەی وامان لەوان گوێ لێ نەبوو. هەڵوێستی شۆڤێنییەكانی مەهەپە كە نەتەوە پەرستییەكی راستیانە دەكەن، بایەخێكی ئەوتۆیان نییە، چونكە لەناو رای گشتی توركیادا كەمینەیەكی كەمن. ئەمانە گیرۆدەی هەستی نەتەوەپەرستییەكی نەفەس كورتن كە جگە لە تورك بوونێكی توندڕەوانە، نایەنەوێت ئەسڵەن گوێ لەناوی كوردیش بگرن. ئەمانە پاشماوەی ئەو عەقڵیەتە شكستخواردووەن كە لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا بە ئاگر و ئاسن كوردقڕانیان دەكرد و خاكی كوردستانیان سوتماك دەكرد و ئینكاری بوونی نەتەوەی كوردیان دەكرد. بۆیە هەر لەو روانگەیەوە، هەرجۆرە ئاسایی بوونەوەیەك بە هەڕەشە لەسەر خۆیان دەزانن. ئەمانە بە جێماوی شەمەندەفەری مێژوون، بۆیە لە راستیدا هەڵوێست و بۆچوونەكانیان هیچ جێی بایەخ نین.

درێژەی دیمانەكە لەم لینكە بخوێنەوە

http://gulan-media.com/sorani/details.php?section=2&id=340


Top