سبەی، نێچیرڤان بارزانی دەچێتە سلێمانی و لەگەڵ گۆڕان و یەكێتیدا كۆ دەبێتەوە
ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانkdp.info، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاوی كردووەتەوە، جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، كە دەستنیشانكراوی حیزبەكەیەتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپێیەی براوەی هەڵبژاردن بوو، بۆ دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان، سبەی دووشەممە سەردانی سلێمانی دەكات.
سەرچاوەكە دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەخەنە بەر باس.
وەهایش چاوەڕوان دەكرێت نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەریەك لە نەوشیروان مستەفای رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و د. بەرهەم ساڵحی جێگری دووەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ ببێتەوە.
نزیكەی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكانی 21ی ئەیلوولدا تێپەڕ بووە و، لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لە چاوەڕوانی نێچیرڤان بارزانیدان بۆ ئەوەی سەردانیان بكات و دەست بە گفتوگۆی فەرمی بكەن.
پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا بە بەدەستهێنانی 38 كورسی توانی براوەیەكی بێ ڕكابەر بێت.
