ئەردۆغان: هیچ كەسێك لە توركیا هاووڵاتی پلە دوو نییە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا، لە وتارێكدا كە لە ئامەد پێشكەشی كرد سەرەتا گوتی \""لێرەوە سڵاو لە هەولێر، دیاربەكر، ماردین، باتمان، سێرت و شام دەكەم\"".
ئەردۆغان بەگەرمی بەخێرهاتنی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی \""یەكەمجارە بە فەرمی پێشوازیی لێدەكەین، ئەمە خاكی ئەوە و ئێوە زۆر بەخێربن\"".
گوتیشی \""ئێمە كە لە هەولێر بووین ھەستمان بە غەریبی نەكرد، ئێوەش ئێرە بە هی خۆتان بزانن\"".
سەرۆك وەزیرانی توركیا رایگەیاند \""ئەمڕۆ ھەسرەتێكی دیكە لە دیاربەكر كۆتایی پێ دەھێنین، ھەموومان دەبین بە شاھیدی رۆژێكی گرنگ\"".
پێش وتارەكەی ئەردۆغان، شڤان پەروەر و ئیبراهیم تاڵیسێس دوێتێكیان پێكەوە پێشكەشكردو گۆرانی \""مەگری\""یان پێشكەشكرد، دواتر ئەردۆغان گوتی: \""خۆزگە ئەمڕۆ دەنگ زوڵاڵێكی دیكە لێرە بووایەو بیگوتایە نیگەران مەبە، مەگری ئەی دیاربەكری ستەملێكراو، ئەو دەیگوت من گریام ئێوە مەگرین، ئێستا لێرە بووایە دەیگوت ماڵئاوا غوربەت، بەخێربێی ئاشتی، لێرەوە رەحمەت بۆ ئەحمەد كایای خۆشەویست دەنێرم و دەڵێم ئاخ، خۆزگە ئەوە رووینەدایە\"".
سەبارەت بە گەڕانەوەی شڤان پەروەریش بۆ ئامەد، ئەردۆغان گوتی: \""دوای 37 ساڵ كۆچبەری بێ بیانوو، ئەمڕۆ دەنگێكی زوڵاڵ دەگەڕێتەوە دیاربەكر، برامان شڤان پەروەر دوای 37 ساڵ گەڕایەوە دیاربەكر، ئەمڕۆ لە دیاربەكر جێگای ھونەرمەندێكی دیكەی دەنگ خۆش لە دیاربەكر\"".
گوتیشی \""خۆزگە لەگەڵ شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتیلسێس ئەحمەد كایایش لێرە دەبوو\"".
ئەردۆغان راشیگەیاند \""كەس ناتوانێ لە نێوان ئێمە و دیاربەكردا سنوور دابنێ، ئێمە براین، ئێش و ژانی خەڵكی قامیشلۆ ئێش و ژانی ئێمەیە، ئێش و ژانی ھەولێر ئێش و ژانی ئێمەیە\"".
جەختیكردەوە \""ئێمە بە ھیچ شێوەیەك پشتگیری لە زاڵم و ستەمكار ناكەین، ھەمیشە لە پاڵ ھەژار و مەزڵوومەكاندا بووین. كاتێك، ھەڵەبجە گڕی گرتبوو، دڵی قۆنیا و ئەزمیریش گڕی گرتبوو\"".
ئەردۆغان رووی كردە خەڵكی ئامەد و گوتی \""كێشەی ئێوە كێشەی منە، لە ساڵی 2005 تاوەكو ئەمڕۆ ھەر پشتگیری ئەمە دەكەم و هەرگیز واز لە ئاشتی ناھێنم، زۆر كێشە و نەخۆشی لە بەردەم پارتیمان دروست بوو، بەڵام ھەر بە رێگەی خۆماندا دەچین و برایەتی دەخوڵقێنین\"".
سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەكرد، كە ھەوڵی زۆر دراون پارتی دادوگەشەپێدان دابخرێو گوتی \""بەڵام ئێمە سەرمان نەنەواند و بەردەوام بووین لە ھەوڵدانەكانمان و گوتبوومان كە ئێمە دەبێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین، ئەمڕۆش جەختدەكەینەوە كە ئێمە سوورین لە سەر چارەسەركردنی كێشەی كورد\"".
ئەردۆغان گوتی: \""ئێمە دەمانەوێ توركیایەكی نوێ دابمەزرێنین، توركیایەك كە باوەشی بۆ ھەمووان كراوە بێ، ئەم كۆمارە ھی ھەموومانە و ھیچ جیوازی لە نێوان گەلەكانی توركیا نییە\"".
گوتیشی \""لە توركیای نوێدا ھەمووی پێكھاتەكانی توركیا، ھاووڵاتی دەرەجە یەكی ئەو وڵاتەن، كورد، عەرەب، تورك، لاز، كەركەز و ھەر ھەمووی پێكھاتەكانی توركیا ھاووڵاتی یەكسانی دەرەجە یەكی توركیان\"".
ئەردۆغان جارێكی دیكە رووی قسەكانی كردەوە خەڵكی ئامەدو گوتی: \""ئەوانەی كە لە برایەتی و یەكێتی ئێمە دەترسن، بە ھیچ شێوەیەك ناتوانن لە ناوچەكەدا ئاشتی سەقامگیر بكەن، ئێمە ئێوەمان خۆشدەوێت و بۆ خزمەتكردنی ئێوە ھاتووین و خزمەتكاری ئێوەین\"".
گوتیشی \""دیاربەكر شارێكە رێگانیشاندەرە، دیاربەكر شاری ئەولیاو پیاوچاكان و ئەولیاكانە، ئەگەر دیاربەكر لە ئاشتی و تەباییدا بێ، ئەوا توركیا لە نێو ئاشتی و تەباییدایە\"".
مژدەی ئەوەشی بە خەڵكی ئامەد راگەیاند ، كە ئەمڕۆ بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار پرۆژەی سەرمایەگوزاری، كە بریتییە لە چەندین پرۆژەی گشتی و خزمەتگوزاری جیاجیا لە شارەكە دەكرێتەوە.
ئەردۆغان لەم وتارەیدا، بۆ یەکەمجار وشەی کوردستانی بەکارهێنا.
رووداو "
