سەرۆك بارزانی لە ئامەد: بژی ئاشتی.. بژی ئازادی
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
رێگام پێ بدەن پڕ بە دڵ سوپاسی ئێوە بكەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە، پڕ بەدڵ سوپاسی جەنابی سەرۆك وەزیران بەڕێز ئەردۆگان دەكەم، كە ئەم دەرفەتەی بۆ ئێمە رەخساند، بۆ من ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە خەونێكە هاتە دی، كە بێم لە دیاربەكری دەلال و خۆشەویست بەخزمەتی ئێوە بگەم.
من هەڵگری سڵاوی گەلی كوردستانم بۆ گەلی توركیا و هەڵگری سڵاوی هەولێرم بۆ دیاربەكری ئازیز، بەڕێزان كاتی درووستكردنی مێژوویەكی تازە هاتووە ئەویش درووستكردنی مێژووی پێكەوەژیان و برایەتی و یەكتر قبوڵكردنە، ئێمە دەزانین بناغەی ئەو مێژووەش ئەو رۆژە دانرا كە جەنابی ئەردۆگان هاتە دیاربەكر بەر لە چەند ساڵێك و وتی ئەو رۆژەی ئینكاری بوونی كورد دەكرا ئەو رۆژە نەما، بۆ من وەكو تاكێكی كورد ئەو رۆژە دڵم خۆش بوو، كە ئەمڕۆ سەركردەیەك پەیدا بووە لە توركیا كە رێگای راستی گرتووە و رێگای راست بە هەموو كەسێك نیشان دەدات ئەویش رێگای برایەتییە.
خوشك و برایانی دەلال، پێویستە ئێمە ئەو گەلانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیین، بە برایەتی بژین و ئێمە بە برایەتی و پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵ كردن دەتوانین گەلی خۆمان بەختەوەر بكەین و وڵاتی خۆشمان ئاوەدان بكەین. شەڕ تاقی كرایەوە، كەسمان خێرمان لە شەڕ نەبینی، پێویستە ئەو رۆژە نەمێنێت كە خوێنی گەنجێكی تورك بەدەستی گەنجێكی كورد بڕژێت یان خوێنی گەنجێكی كوردیش بەدەستی گەنجێكی تورك بڕژێت.
بناغەی پرۆسەی ئاشتی دانرا و ئێمە پڕ بە دڵ سوپاسی جەنابی ئەردۆگان دەكەین، كە زۆر بوێرانە رێگای ئاشتی هەڵبژاردوو دەستی بە پرۆسەی ئاشتی كرد، داواكاری من لە هەموو براكانم لە كوردان و برایانی تورك ئەوەیە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بكەن، شەڕی ئاشتی شەڕێكی زەحمەتە، باوەڕ بكەن كەسێك گەر بوێر و بە جورئەت نەبێت ناتوانێت شەڕی ئاشتی بكات. چەند رێگەی ئاشتی درێژ بێت باشترە لەوەی سەعاتێك شەڕ هەبێت، لەبەر ئەوە دەمەوێ ئەمڕۆ لێرە رایبگەیەنم هەموو برایانی كورد و هەموو برایانی تورك لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی داین و پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی دەكەین.
هەنگاوی گرینگ ئەوە بوو دەست بە پرۆسەكە بكرێ، هەموومان دەزانین پێش پازدە بیست ساڵ مەحاڵ بوو من لە دیاربەكر لە ڕۆژێكی ئاوادا بێم لەخزمەتی ئێوەدا قسە بكەم. ئەمە بەرهەمی ئاشتی، بەرهەمی برایەتی، بەرهەمی لێك تێگەیشتنە، ئێمە بڕوامان وایە پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئەنجام، و چەند كاتی پێویست بێت، پێویستە بۆی تەرخان بكرێت.
لە كۆتاییدا جارێكی تر من زۆر بەختەوەرم بەخزمەتی ئێوە گەیشتم، داخوازی سەركەوتن و بەختەوەری بۆ ئێوە دەكەم، لەدواییدا چەند وشەیەك بە توركی دەڵێم هەر چەندە من توركی نازانم، یەشەسن كورد و تورك قارداشلیك، یەشەسن بارش، یەشەسن ئوزگورلوك»، بژی برایەتی كورد وتورك، بژی ئاشتی، بژی ئازادی، هەر سەركەوتوو و بەختەوەر بن.
