باوکی شڤان پەروەر چاوەڕێی کوڕەکەی دەکات

 باوکی شڤان پەروەر چاوەڕێی کوڕەکەی دەکات
باوکی شڤان پەروەر، سترانبێژی ناسراوی کورد، دوای 17 ساڵ نەبینینی کوڕەکەی، دەڵێ زۆر دلخۆشە شڤان دەچێتەوە ئامەد.

یونس ئایگۆن، باوکی شڤان، کە ئێستا تەمەنی 90 ساڵە، کاتێ بیستی کوڕەکەی دەچێتە ئامەد و ئامادەی یەکتر بینینی ئەردۆغان و بارزانی دەبێ لەو شارە، دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و گوتی: \"کوڕەکەم بۆ بێنن، دەمەوێ بیبینم، زۆر بیری دەکەم، چونکە ئیتر من پیر بووم.\""

شڤان و باوکی دوایینجار، کە یەکتریان بینی ساڵی 1996 بوو لەھەرێمی کوردستان.

رۆژی سێشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاشکرایکرد، ھەردوو ھونەرمەند شڤان پەروەر و ئیبراھیم تاتیلسێس لە گەل مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئامەد دەکەن.

دوای ئەو قسەیەی ئەردۆغان، باوکی شڤان پەروەر، کە دانیشتوی گوندی سۆرە لەپارێزگای ئورفا، دڵخۆشیی خۆی بەھەواڵەکە دەربڕی.

ھەروەھا یونس ئایگۆن، باوکی شڤان پەروەر بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ گوتی: \""ھیوادارم ئاشتی بەتەواوی باڵ بکێشێ بەسەر تورکیادا و و ئیتر ھیچ دایکێک فرمێسک لە چاوی نەڕژێ بۆ لەدەستدانی رۆڵەکانیان. من بە کوردی قسە دەکەم بەڵام لە ژێر ئاڵای تورکیا دەژیم\"".

ھەر دوای بڵاوکردنەوەی ھەواڵی سەردانی شڤان پەروەر بۆ ئامەد، خەدیجە ئایگۆن، باوەژنی شڤان پەروەر بەحەسرەتەوە گوتی: \""زۆر بیری شڤان دەکەم. چاوەڕێی ئەو رۆژەم، کە شڤان ببینمەوە.\""

رۆژی شەممە 16.11.2013 شڤان پەروەر لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی شاری ئامەد لە باکووری کوردستان دەکەن.

شڤان نزیکەی 37 ساڵە بە هۆی سیاسەتی حکومەتەکانی پێشووی تورکیا بەرامبەر کورد، ئاوارەی وڵاتان بووە. بڕیارە لەو سەردانەیدا، شڤان لەگەڵ ئیبراهیم تاتڵسێس، لە ئاهەنگە گەورەکەی هاوسەرگیری بە کۆمەڵی کوڕ و کچانی ئامەد، پێکەوە گۆرانی بڵێن.







رووداو- ئاژانستی ئەنادۆڵ"
Top