نوێنەرێکی کورد:داوای ھەژمارکردنی خزمەتی پێشمەرگایەتیمان کردووە لەیاسای خانەنشینیدا
ئەندامی ھاوپەیمانی کوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە ئاژانسی پەیامنێری راگەیاند: چەند پێشنیارێکم کردووە تاجێگیر بکرێن لەیاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا کەئێستا لەپەرلەمانی عێراقە گرنگترنیان ئەوەیە لەبڕگەی خزمەتی تێکۆشان (الخدمە الجھادیە) خزمەتی پێشمەرگایەتی ھەژمار بکرێ چونکە پێشمەرگە بەردەوام دژ بەرژێمی لەکارخراوی بەعس تێکۆشان و خەباتی کردووە و ئامادەش بوونە ھەرێمی کوردستان لەھەر ھەڕەشەیەک بپارێزن، ھەروەک پێویستە ئەو ئافرەتانەش بگرێتەوە کەھاوشانی پیاوان خەبات و خزمەتی پێشمەرگایەتییان ھەیە.
ئەوەشی گوت، ھەروەک داواشم کردووە خێزانی شەھیدان کە یاسای دامەزراوەی زیندانیان (ئەو شەھیدانەی کە دژ بەرژێمی بەعس جەنگاون) ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠٠٦و یاسای قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی تیرۆر ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩ کەدەیانەوێ خانەنشین بکرێن دوای ١٥ ساڵ خزمەت، داوامکردووە مەرجی بوونی ٣ منداڵ لەیاسای خانەنشینیدا لاببرێ، چونکە یەک منداڵ یا زیاتر ھەمان ئەرکیان ھەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق کەئێستا لەپەرلەمانی عێراقە و زیاتر لە٣ ملیۆن کەس چاوەڕوانی پەسەندکردنی ئەو یاسایەن، کەلێنی زۆری تێدایە بەتایبەت بەرامبەر بەمافی خانەنشین کردنی توێژی مامۆستایانی زانکۆ و دادوەر و کارمەندانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.
ئەشواق جاف کەھاوکات ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤە گوتی، چەند پێشنیارێکم پێشکەش کردووە بۆ ھەموارکردنی یاسای خانەنشینی لەوانە ئەو بڕگەیەی تایبەتە بەمامۆستایانی زانکۆ و دادوەرەکان، چونکە وڵات بەپەروەردە و دادگاکان پێشدەکەوێ لەبەرئەوە پێویستە تەواو بەویژدانەوە ئاوڕ لەو دوو توێژە بدەینەوە.
جەختیی کردەوە، ماددەی ٢٩ی یاساکە دەقی لەسەر ئەوەیە کە ھەرکەسە سوود لەیەک مووچەی خانەنشینی وەردەگرێ، داوامکردووە کە زیندانیانی سیاسی لەو بڕگەیە دەربھێنرێ چونکە لەیاسای زیندانیانی سیاسیدا ھاتووە ھەرکەسێک مووچەی ھەیە بۆی ھەیە لەھەمانکاتدا مووچەی زیندانییە سیاسیەکانیش وەربگرێ بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ و ئینجا یا ئەوەتا دوای ئەو ماوەیە سەرپشک بێ کام مووچەیەیان زیاترە ئەوەیانی بۆ ھەژمار بکرێ.
باسی لەوەش کرد، لەبارەی ماددەی ٣٢ەوە کە ماددەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو خانەنشینەی دەچێتە زیندانەوە خانەنشینەکەی ببرێ تا کاتێک دێتە دەرەوە، داوام کردووە کە مووچەی خانەنشینی زیندانی نەبڕێت بەو ھۆیەی کە مووچەی خانەنشینی دەچێت بۆ خێزانەکەی و ئەو مووچەیەش مافێکی رەوای خۆیەتی.
ئەمساڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ یاسای خانەنشینی کردووە و لیژنەی دارایش جەخت لەوە دەکاتەوە کە یاساکە ئامادەیە بۆ دەنگدان لەسەری، نیازیش ھەیە بۆ بانگھێشتکردنی پسپۆڕانی دارایی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گفتوگۆ لەبارەی یاساکەوە لەدانیشتنەکانی گوێگرتن پێش پەسەند کردنی.
