زانکۆی گەرمیان زیاتر لە ھەزار قوتابی وەرگرتووە

زانکۆی گەرمیان زیاتر لە ھەزار قوتابی وەرگرتووە
بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن زانکۆی گەرمیان هه‌زار و 70 خوێندکاری وەرگرتووە و بەبەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی ٢٠٠ قوتابی زیاتر وەرگیراون.

بەڕێوەبەری تۆماری گشتی زانکۆی گەرمیان، دلۆڤان فایەق رایگەیاند؛ بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن ھەزارو ٧٠ قوتابی لە زانکۆکەماندا وەرگیراون، کە بەسەر ٢٢ بەشدا دابەشبوون.

دلۆڤان ده‌ڵێت: لەمساڵدا، دوو بەشی نوێ لە زانکۆی گەرمیان کرانەوتەوە و خوێندکاریان وەرگرتووە، ئەوانیش بەشی زانستی کۆمپیوتەر سەر بە فاکەڵتی زانست لە کەلار، ھەروەھا بەشی سامانی ئاژەڵ سەر بە فاکەڵتی کشتوکاڵ لە کفری.

زانکۆی گەرمیان لە فاکەڵتی پەروەردە و فاکەڵتی زانست لە کەلار، فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتییەکان و وەرزش لە خانەقین، فاکەڵتی کشتوکاڵ لە کفری پێکدێت. لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە رەزامەندی لەسەر کردنەوەی فاکەڵتی ئەندازیاری بەشی بیناکاری لە کەلار بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٤-٢٠١٥)دراوە و ساڵی داھاتوو خوێندکار دەتوانێت لەو بەشەدا بخوێنێت.
Top