سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری بریتانیا دەكات

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەك پەرلەمانتاری بریتانیا دەكات
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 12ـی 11ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی گرووپی دۆستایەتیی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی بریتانیا كرد.

لە دانیشتنێكدا شاندەكەی پەرلەمانی بریتانیا كە لە ئەندام و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی نێو پەرلەمانی بریتانیا پێكهاتبوون، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ڕەخساندنی دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و پەیامی هاوخەمیی خۆیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند بەبۆنەی ڕووداوە تیرۆریستەكەی مانگی ئەیلوولی ڕابردووی هەولێر و هەروەها پیرۆزباییشیان لە جەنابی سەرۆك كرد بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هێمایان بەوەدا كە بوونی ئەم فرەڕەنگییە لە بانگەشەی هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان جێگەی دڵخۆشییە و ئەزموونێكی كەموێنە و سەركەوتوویە لە ناوچەكەدا.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی ئەوانی كرد. هەر لەم دیدارەدا ئەندامانی شاندەكە پەیوەست بە بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریا و ناوچەكە ڕاوبۆچوونی خۆیان خستەڕوو و چەند پرسیارێكیشیان ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد. لە وەڵامی پرسیارەكانیاندا و سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەتا هەڵبژاردن لە عێراقدا نەكرێت نابێ چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی ئیجابی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق بین و پێویستیشە شەراكەتێكی ڕاستەقینە لە عێراقدا بچەسپێت ئەگینا بارودۆخ لەوەی ئێستا هەیە خەراپتر دەبێت. سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا زۆر سوپاسی گرووپی دۆستایەتیی هەرێمی كوردستانی نێو پەرلەمانی بریتانیا كرد بۆ هەوڵەكانیان لەمەڕ داننان بە جینۆسایدكردنی كورد لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراق و داوایشی كرد كە بەردەوام بن لە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی حكوومەتی بریتانیاش ئەم هەنگاوە بنێت و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی لە هەموو هەنگاوێكدا بۆ ئەم مەبەستە یارمەتیدەریان بن.

باردۆخی سیاسیی و پێشكەوتن و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و باسكردنی كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو و سەرۆك بارزانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ ئەوەی لە كەرتی تەندروستی و بە تایبەت دابینكردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان سوود لە ئەزموون و هاوكاریی وڵاتی بریتانیا وەربگیرێت.
Top