دوای 21 ساڵ، بارزانی لە ئامەد

 دوای 21 ساڵ، بارزانی لە ئامەد
شەمەی داهاتوو مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای 21 ساڵ دەچێتە ئامەد و مێژ‌وویەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا، باشو‌ور و باكو‌وری كوردستان دەستپێدەكات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا، لە چوارچێوەی بانگەشەكانی بۆ پاكێجی نوێی دیموكراسی سەردانێكی دوو رۆژە بۆ ئامەد لە باكو‌وری كوردستان ئەنجام دەدات و لەوێ چەند پرۆژەیەك و مەراسیمێك دەكاتەوە.

ئەمجارە سەردانەكەی ئەردۆغان دەنگدانەوەیەكی زیاتری هەیە، ئەویش پاش ئەوەی راگەیەنرا، كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بە بانگهێشتی ئەردۆغان دەچێتە ئامەد و لەوێ پێكەوە كۆدەبنەوە و بەشداری مەراسیمەكان دەكەن، لەوانە مەراسیمی هاوسەرگیریی بەكۆمەڵ.

دوایین سەردانی بارزانی بۆ ئاماد دەگەڕێتەوە بۆ كۆتاییەكانی ساڵی 1992. ئەم سەردانەی بارزانی بۆ ئامەد نیشاندانی بەرەوپێشو‌ونی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنكەرەیە، پاڵپشتییەكیشە بۆ داواكارییەكانی كوردانی باكو‌ور و مافەكانیان.

لە دوو لێدوانی جیاوازدا پارتی ئاشتی و دیموكراتی (BDP) و پارتی هودا پێشوازییان لەو سەردانە كردووە و بە رۆژنامەی ستاری توركییان راگەیاندووە، كە سوپرایزێكی گەورەیە و هیوادارن ببێتە پاڵپشتێك بۆ كرانەوەی دیموكراسی لەو وڵاتە.

رۆژنامەكانی توركیا بە گرنگییەوە باس لە سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد دەكەن، لە زۆربەیاندا لە لاپەڕەی یەكەم یان مانشێتی سەرەكییە، یان لە بەشێكی سەرەوەی لاپەڕەكە دانراوە.

هەر بەپێی میدیاكانی توركیا، شەممەی داهاتوو سوپرایزێكی دیكە هەیە بۆ باكووری كوردستان بەگشتی و خەڵكی ئامەد بەتایبەتی، ئەویش هاوەڵیكردنی شڤان پەروەر، سترانبێژی گەورەی كوردە لەگەڵ بارزانی، بەپێی ئەو سەرچاوە توركییانە.

بارزانی، شڤان پەرەوەر دوای 37 ساڵ لە ئاوارەیی دەباتەوە باكو‌ور، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم هەواڵە لەلایەنی فەرمی پشتڕاستنەكراوەتەوە.

سوپرایزێكی دیكە بریتییە لە پێشوازیكردن لە سەرۆك وەزیرانی توركیا بە زمانی كوردی و بەكارهێنانی پیتە لاتینییە قەدەخەكراوەكانی وەك (X,W). هەروەها باس لەوەش دەكرێت كە ئەردۆغان بە كوردی قسە بكات.






رووداو
Top