سه‌رۆكی هه‌رێم: یەكپارچەیی هەرێم هێڵی سوورەو ناكرێ لەژێر هیچ بارودۆخێك و بە هیچ ئامرازێك دەستی بۆ ببردرێت

سه‌رۆكی هه‌رێم: یەكپارچەیی هەرێم هێڵی سوورەو ناكرێ لەژێر هیچ بارودۆخێك و بە هیچ ئامرازێك دەستی بۆ ببردرێت
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ماوەیەكە لە میدیاكانی كوردستاندا بڵاو دەكرێتەوە، كە یەكپارچەیی هەرێم دەكاتە ئامانج و دەستكەوتەكان روبەڕووی مەترسی دەكاتەوە، وتی، ئێمە ئەم جۆرە قسەو باسانە هه‌وڵێكی تێكده‌رانه‌یه‌ و تەنیا وەك وەهم ده‌بینین، جه‌ختیكردوه‌، یەكپارچەیی هەرێم هێڵی سوورەو ناكرێ لەژێر هیچ بارودۆخێك و بە هیچ ئامرازێك دەستی بۆ ببردرێت.


ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م په‌یامه‌ی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاوكردوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ماوەیەكە لە میدیاكانی كوردستاندا چەند قسەو باسێك بڵاو دەكرێتەوە، كە یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان روبەڕووی مەترسی و تەحەدا دەكاتەوەو، لەگەڵ ئاڕاستەی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەمان ناگونجێت.

ئەم جۆرە قسەو باسانە لە چوارچێوەی هەوڵێكی تێكدەرانەیە بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان. ئەوە لەكاتێكدایە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ هەڵكەوتی سرووشتیی خۆی، وەك بەشێكی رەسەن لە هەرێمی كوردستان.

ئێمە ئەم جۆرە قسەو باسانە تەنیا وەك وەهم یان خەونێكی ئەهریمەنی دەبینین كە لە خەیاڵی هەندێ كەسە و، پێچەوانەی ئیرادەی گەلی كوردستانە. زۆر بە ڕوونی و توندی جەخت دەكەینەوە كە یەكپارچەیی هەرێم هێڵی سوورەو ناكرێ لەژێر هیچ بارودۆخێك و بە هیچ ئامرازێك دەستی بۆ ببردرێت.

لەهەمان كاتدا رایدەگەیێنین كە لەگەڵ هەموو جۆرە ئاڕاستەیەكی چاكسازیداین بۆ پتەوكردنی دیموكراسی و بەرزكردنەوەی پێگەی هەرێم لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا.

هەروەها داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین كە ئەوەی پێویستە بكرێت بۆئەوەی بێ دواكەوتن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، كە بە خاڵی یەكلاییكەرەوەو بڕیاردەر دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە چاكسازییانە لە سلێمانی و شوێنەكانی دی، هەروەها پتەوكردنی دامودەزگا یاساییەكانی هەرێم لەهەموو بوارەكاندا.
Top