ھەڵمەتی ژمارەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی ئەلەکترۆنی لەھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت

ھەڵمەتی ژمارەکردنی ئاژەڵ بەشێوەیەکی ئەلەکترۆنی لەھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت
- لە سەر بودجەی سیادی حکومەتی عێراق و بە ھاوکاری و ھەماھەنگی ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراقی فێدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەر چاوەکانی ئاوی ھەرێم, پڕۆژەی ژمارەدانان بۆ سامانی ئاژەڵ بەگوژمەی ١٧ ملیار دیناری عیراقی ئەنجام دەدرێت.


بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری ئازاد خۆشناو لە لێدوانیکدا بە ئاژانسب ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لەسەرتاسەری عێراقدا بەھەرێمی کوردستانیشەوە (٦٧٠) لێژنە پێکھاتووە و نزیکەی سێ ھەزار ئەندام بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بەشداری دەکەن.

دەربارەی گرنگی ئەم پرۆژەیە ئازاد خۆشناو وتی: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی شارستانی و ئابوریی گرنگە و ئاسانکاریەکە بۆ دەستنیشانکردنی ژمارەی ئاژەڵی لە عێراق بەگشتی و لەکوردستان بەتایبەتی, دەستنیشانکردنی پلانی ساڵانەی دەرمان و ڤاکسین و ئالیک و پێداویستییەکان سامانی ئاژەڵ و ئاسانکارییەکە بۆ رێکخستنی کرداری سەربڕینی ئاژەڵ لە سەربڕخانەکان. ھەروەھا رێگا دەکرێت لە کرداری بە قاچاغبردنی ئاژەڵ، بەمەش رێگا دەگیرێت لە کەمبوونی سامانی ئاژەڵ و پاراستنی لە نەخۆشییە سنووربەزێنەکان.
دەربارەی تەکنیکی پڕۆژەکە خۆشناو وتی: ئەم پڕۆژەیە ئەلیکترۆنی و سەردەمیانەیە بەجۆرێک کە لەسەر ئەم ژمارانەدا بە ھێما ناوی ھەریەک لە وڵات و پارێزگا و شار و شارۆچکە و جۆر و سێکسی ئاژەڵ و ژمارەکەی دیاریکراوە و لەگوێچکەی ئاژەلەکە دەدرێت و توانای مانەوەی تا تەمەنی ئاژەلەکە ھەیە و خۆراگرە و بەسانایی تێک ناچێت.

ئاماژەیدا: بەپێی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵی لە بەڕیوەبەرایەتییە گشتییەکەمان لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان تا ئیستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاژەڵی جۆراوجۆر ژمارە کراوە.
Top