كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتی نووسەران سازدەكرێت

كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتی نووسەران سازدەكرێت
وابڕیارە لەكۆتایی مانگی داهاتوو، كە یەكسانە بە كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نووسەرانی كورد نۆیەمین كۆنگرەی خۆی سازبكات بەمەبەستی پێداچوونەوە بە پەیڕەو و پڕۆگرامی ناوخۆیی یەكێتییەكەو دەستنیشانكردنی سەرۆكی یەكێتییەكەو ئەندامانی ئەنجوومەنی ئەو یەكێتییە.

سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد كاكەمەم بۆتانی، بۆ ئاژانسی پەیامنێر گووتی: ئێمە بڕیارمانداوە كە مانگی 12 لە كۆتاییەكەیدا كۆنگرەی نۆیەمی خۆمان ئەنجام بدەین، ئەم هەفتەیەش كۆدەبینەوە بۆ ئەوەی دوایین بڕیار لەسەر كاتی كۆنگرەكە بدەین.


هەروەك گووتیشی: ئێمە كاتی پێویستمان لەبەردەستدایە بۆ كۆنگرە، بەڵام كاروبارەكانی سازكردنی كۆنگرە، كاتی زۆری پێویستەو ئێمە پێویستمان بە نوێنەری سەرجەم لقەكانی یەكێتی نووسەران هەیە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی نووسەرانی كورد.


یەكێتی نووسەرانی كورد لەساڵی 1970 لە بەغدا دامەزراوەو یەكەم سەرۆكی ئەو یەكێتییە جەمال بابان بووە، لە چوار ساڵی رابردووشدا كە كۆنگرەی هەشتەی یەكێتی نووسەرانی كورد بەسترا، كاكەمەم بۆتانی یەكەم سكرتێری یەكێتییە بە سەرۆكی یەكێتی نووسەرانی كورد هەڵبژێردرا و ئێستاكەش بارەگای سەرەكیی ئەو یەكێتییە لە شاری هەولێرەو لقی سەرەكی لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان هەیە.
Top