وەزارەتی ناوخۆ: پارێزگاری سلێمانی یاساییە

وەزارەتی ناوخۆ: پارێزگاری سلێمانی یاساییە
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕەخنە لەهەندێك كەس‌و دەزگای ڕاگەیاندن دەگرێت بەوەی، لێدوانی بێسەروبەر دەدەن لەبارەی پارێزگاری ئێستای سلێمانی‌و گومان لەیاساییبوونی دەكەن، بەڵام وەزارەت پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەیاسایی لەقەڵەم دەدات، هەتا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە وێنەیەكی دەست NNA كەوتووە، چەند ڕۆژێكە هەندێك كەس‌و دەزگای ڕاگەیاندن لێدوانی بێسەروبەر دەدەن دەربارەی پارێزگاری سلێمانی‌و ئەو پۆستە بەنایاسایی دەزانن، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئەو لێدوانانە ڕەتدەكاتەوە‌و پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەچوارچێوەیەكی یاساییدایە.



لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە ((ئێمە وەك وەزارەتی ناوخۆ هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە، كە پۆستی پارێزگاری ئێستای سلێمانی یاساییە، تاكو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەدەچێت، بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009)).



ئاماژە بەوەش كراوە، یاسای كارپێكراو لەهەرێمی كوردستاندا بۆ پارێزگاكان، یاسای ژمارە 159ی ساڵی 1969ی هەمواركراوە، بۆ هەموو مەبەستێكی ئیداریی‌و دارایی‌و یاسایی، هەتا جێبەجێكردنی یاسای نوێی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە 3ی ساڵی 2009.



وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەكردۆتەوە، هەر لێدوان‌و لادانێك بەدەر لەو دەقانەی سەرەوە، كەس‌و لایەن‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەخاتە ژێر لێپێچینەوەی یاساییەوە.
Top