سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرانی كوتلە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدڕاڵ كۆبۆیەوە
لەم كۆبوونەوەیەدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە كرا كە پەیوەست بوون بە یاسای هەڵبژاردنی عێراق و پێنەدانی تایبەتمەندی بە پارێزگای كەركووك. هەروەها چۆنییەتی پەسەندبوونی یاساكە و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی ئەم یاسایە خرانە بەر باس.
هەر لەم كۆبوونەوەیە وێڕای ئەوەی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردییەكان لەمەڕ یاسای هەڵبژاردنی عێراق بە بەرز هەڵسەنگێندرا ئاماژەیش بەوە درا كە هەرچەندە یاساكە لە ئاست داواكارییە ڕەواكانی هەرێمی كوردستان نییە بەڵام هەنگاوێكی باش بوو لەوەی كە توانرا ڕەچاوی بەشێكی گرنگی داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت و ڕێگەیش لەوە گیرا كە بە بێی كورد یاسای هەڵبژاردن تێبپەڕێندرێت و هەروەها ڕێگەیش بەوە نەدرا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تایبەتمەندی بە پارێزگای كەركووك بدرێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەشداربووانی كۆبوونەوەكە نیگەرانیی خۆیان ڕاگەیاند لە زیادنەكردنی كۆتای كوردی ئێزیدی و پێنەدانی كورسیی كۆتا بۆ كوردە فەیلییەكان و هەروەها كەمیی بەشەكورسیی پارێزگاكانی هەرێم.
كۆبوونەوەكە ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا كار لەسەر ئەوە بكرێت كە سەرژمێری گشتی لە عێراقدا ئەنجام بدرێت و هەوڵیش بدرێت كە پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق لە عێراقدا بە تەواوەتی بچەسپێندرێت و لایەنەكان بە زمانی ژمارە و زۆرینە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا نەدوێن. بەشداربووانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئەوەیش هاوڕا بوون كە پێویستە یاسای ئەنجوومەنی فیدڕاڵ و یاسای پارتە سیاسییەكان بە زووترین كات دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بكرێن.
