لە دووزخورماتوو بە بڕی زیاتر لە 11 ملیار دینار ژمارەیەك پرۆژە ئەنجامدەدرێن
بە پێی راپۆرتێكی بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی دووزخورماتوو، كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر نێردراوە، هاتووە، لە ئێستاشدا لە شارۆچكەكەیان ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێكردندان و بەشێكی ئەو پرۆژانە كە كاركردن تێیاندا بە ردەوامە و هەندێكیشان لە تەواوبووندان، بریتین لە 16 پرۆژە كە زۆربەیان لە بواری پەروەردەیە ئەوانیش: دروستكردنی چوار قوتابخانەی شەش پۆلی و چوار قوتابخانەی 12 پۆلی و سێ قوتابخانەی 18 پۆلی و دوو باخچەی ساوایان.
لەلایەكی دیكەوە چەند بینایەكی نوێ بۆ فەرمانگە حكومییەكان و هەروەها هۆڵی گەورەی بۆنەكان لەئێستادا لەژێر جێبەجێكردندایە و سەرەكیترینیان دروستكردنی بینای دادگای خورماتووە، دروستكردنی بینای هۆڵی بۆنەكان و نۆژەنكردنەوەی بینای كۆلێژی خورماتوو و هاوكات دروستكردنی خۆیەتی كۆلێژەكەو هەروەها ژمارەیەك پرۆژەی دیكەش لەئێستادا لەژێر جێبەجێكردندان كە بە تەوابوونیان رۆڵی باشیان دەبێت لە ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەی دووزخورماتوو.
هەر لەمبارەیەوە قایمقامی دووزخورماتوو شەلال عەبدول، پێشتر بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پێشتریش لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پاش ئەوەی زیاتر لە پێنج ملیار دینار پێشكەشی ئیدارەكەیان كرا، بەو پارەیە پرۆژە گەلێك لە ناوچەكە خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە كە رۆڵی باشیان لە بەرەوپێشبردنی ناوچەكە لە هەموو رووویەكەوە دەبێت.
