ئەو گەشتیارانەی لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی ئێران دەكەن ماوەیەكی زۆر لە بەر سەرما لە چاوەروانیدا دەبن

ئەو گەشتیارانەی لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی ئێران دەكەن ماوەیەكی زۆر لە بەر سەرما لە چاوەروانیدا دەبن
ماوەی پێنج ساڵە دەروازەی سنوری حاجی ئۆمەران و تەمەرچینی ئێران بوونەتە دەروازەی فەرمی و لە كاتەشەوە رۆژانە بە سەدان گەشتیار هاموشۆ دەكەن و ماوەی زیاتر لە سالێكیشە هۆڵی پێشوازی گەشتیارانی تەمەرچین تەواو كراوە، بەڵام تاكو ئێستا ئەو گەشتیارانەی لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی ئێران دەكەن بۆ ماوەیەكی زۆر لە بەر سەرماو سۆڵە لە چاوەروانی نۆرەكانیاندا دەبن.

بەرێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران، مەغدید عەریف ئەحمەد، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە سەرجەم پێداویستیە گەشتیاریەكان دەستەبەر كراوون، بەڵام گەشتیاران لەو دیو سنوری تەمەرچینی ئێران بێ‌ ئەوەی شوێنی دانیشتن و هۆڵی پێشوازیان هەبێت بۆ ماوەیەكی زۆریش رادەگیرێن و بە تایبەت لە كاتی وەرزی سەرماو سۆڵە بە سەدان پیرو مناڵ لە بەر سەرما لە چاوەروانی زۆردا دەمێننەوەو لە سەرجەم كۆبوونەوەی مانگانەی نێوان هەردوو قەزاكانی چۆمان و خانێی رۆژهەڵات، ئەو پرسە بە لایەنی ئێرانی وتراوە بەڵام تاكو ئێستا چارەسەر نەكراوە.

سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، مەسعود باتێلی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ماوەی ساڵێكە ئێران هۆڵی پێشوازی گەشتیارانی دروست كردوە بەڵام تاكو ئێستا ئەو هۆڵەی نەكردۆتەوە و ئێمە چەندینجار بە لایەنی ئێرانیمان راگەیاندوە كە بە هەمان شێوەی ئێمە كارو بارەكانی گەشتیاران رای بكرێت و لە سنور گیریان پێ‌ نەدرێت.
Top