یەکێتی ئەوروپا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت به‌ یارمه‌تیدانى ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە هەرێم

 یەکێتی ئەوروپا ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکات سەبارەت به‌ یارمه‌تیدانى ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە هەرێم
به‌ریتانیا ،، پاش هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بۆ ووروژاندنی ئەو پرسە لە ناوەندە ئەوروپییەکاندا، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی ئاشکرایکرد کە یارمەتییەکانی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجیی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و هاوکات ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لەو بارەیەوە بە گرنگ وەسفکرد.

ئەو هەڵوێستەی یەکێتی ئەوروپا لە دووتوێی نامەیەکی فەرمی کۆمسیۆنی ئەوروپادا هاتووە کە لە ڕێکەوتی 6/11/2013 ئاراستەی پەڕلەمانی ئەوروپا کراوە.

خاتوو \'\'کریستالینا جۆرجێڤا\'\' سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان، نامەیەکی ئاراستەی پەڕلەمانتار \'\'ستروان ستیڤنسن\'\' کردووە و تێیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێ \'\'حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی سنوورەکانی لەبەردەم ئاوارە سوورییەکاندا، ڕێگر بووە لە سەرهەڵدانی کارەساتێکی مرۆیی لە ناوچەکەدا\'\'.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا کۆمسیاری ئەوروپی جۆرجێڤا ئاشکرایکرد کە یەکێتی ئەوروپا پێشتر بڕی 9 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئاوارەکانی نیشتەجیی هەرێم تەرخانکردووە و ئەو بڕە پارەیە لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ( UNHCR، WFP، unicef ) بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری کەمپی دۆمیز و مناڵانی کەمپەکە سەرفکراون.

هاوکات کۆمسیۆنی ئەوروپا ئاشکرایکرد کە وا بڕیارە لە ماوەی ئایندەدا 12 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان تەرخان بکات.

شایانی باسە نامەکەی کۆمسیۆنی ئەوروپا، وەلامی نامەیەکی فەرمی پەرلەمانی ئەوروپایە کە لە ڕێکەوتی 25/9/2013 ئاراستەی کۆمسیۆنی ئەوروپا کرابوو و تێیدا داوا کرابوو کە یەکێتی ئەوروپا پتر بەدەم ئاوارە سوورییەکانی نیشتەجیی هەرێمی کوردستانەوە بچێ و هاریکاری زیاتر لەو بارەیەوە پێشکەش بکات.

لە لێدوانێکا دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، خۆشحاڵی خۆی بەو بڕیارەی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕاگەیاند و گووتی کە ئەوان لە ماوەی ڕابردوودا فشارێکی زۆریان خستۆتە سەر پەڕلەمان و کۆمسیۆنی ئەوروپا بۆ ئەوەی ئاوارەکانی نیشتەجیی هەرێمی کوردستان بێبەش نەبن لەو هاوکارییە مرۆییانەی کە یەکێتی ئەوروپا بۆ قەیرانی سووریا تەرخانیکردووە.

ئاژگەیی ڕاشیگەیاند کە ئەوان لە هەوڵەکانیان بەردەام دەبن و بەدواداچوونی پێویستی بۆ دەکەن .
Top