هەفتەنامەی باس: جەمیل بایك باڵی قەرەیلان پەڕاوێز دەخات... ئەحمەد دەنیز و رۆژ وڵات دوور دەخرێنەوە
هەفتەنامەی باس لە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوییەوە كە نزیك لەPKK یە بڵاوی كردووەتەوە، بە بڕیاری هاوسەرۆكی پارتیی كرێكارانی كوردستان، بڕیار دراوە چەند بەرپرسێكی ئەو حزبە كە نزیكن لە موراد قەرەیلانی سەرۆكی پێشووی حزبەكە، لە پۆستەكانیان لابدرێن.
ئەو بەرپرسانەی كە لەلایەن جەمیل بایك دوور خراونەتەوە بریتین لە \"ئەحمەد دەنیز بەرپرسی پەیوەندییەكان، رۆژ وڵات جێگری ئەحمەد دەنیز و بەرپرسی چاپەمەنیی پارتیی كرێكاران و بەرپرسی ماڵپەڕی فیرات نیوز، دیاری قامیشلۆ ئەندامی چاپەمەنی لە پارتیی كرێكاران، هەڤاڵ دەمهات بەرپرسی رێكخستنەكانی بناری قەندیل، لەگەڵ لابردنی هەڤاڵ حەقی لە راگەیاندن\"".
بەپێی سەرچاوەكە، ئەو گۆڕانكارییانە نیگەرانیی لەنێو كۆنسەی سەركردایەتیی پەكەكە دروست كردووە، چونكە ئەوانەی كە لە شوێنی هەندێك لەو بەرپرسانە داندراون، سەر بە باڵی جەمیل بایكن و عەلەوین.
لە ماوەی 30 تەمووز تا 5ی حوزەیرانی ئەمساڵ، بە ئامادەبوونی 162 ئەندام كۆنگرەی نۆیەمی پەكەكە لە قەندیل بەڕێوە چوو، تیایدا گۆڕانكارییەك لە سەركردایەتی و سەرۆكی كۆنسەی كۆما جڤاكێ كوردستان رووی دا، موراد قەریلان لەبەرامبەر جەمیل بایك بە سێ دەنگ نەیتوانی سەركەوێت، بۆیە جەمیل بایك بووە هاوسەرۆكی ئەو پارتییە(پەكەكە).
ئەوەی كە تێبینی كراوە ماوەیەكە موراد قەرەیلان لە بڕیارەكانی سیاسیی ناو كۆنسەی سەركردایەتی و راگەیاندنەكان دوورە، بۆیە ئێستە باڵی موراد قەریلان، بە تەواوی لەناو كۆنسەی سەركردایەتیی كۆما جڤاكێ كوردستان لاواز بووە.
لە رۆژی 27ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1978 پارتیی كرێكارانی كوردستان لەلایەن عەبدولڵا ئۆجەلان دامەزرا؛ لە ماوەی رابردووشدا بەهۆی ململانێكانیەوە چەند باڵێك لەو پارتییە بۆتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە لە دوای وەرگرتنی هاوسەرۆكی لە لایەن جەمیل بایك گرژی لە نێوان پارتیی دیموكرانی كوردستان و پەكەكە زیاتر دروست بووە، تەنانەت هاتنی بایك لەسەر گرژبوونی پێوەندییەكانی نێوان پارتی و پەیەدە كە پێشووتر پێوەندی هەردوولا ئاسایی بوو، كاریگەریی هەیە. لە لایەكی دیكەوە جەمیل بایك چونكە سەر بە تایەفەی عەلەوییە، بۆیە پەكەكەش لە ئەسەد و رژێمەكەی نزیكتر بووەتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ (باس) زاگرۆس هیوا ئەندامی كۆنسەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی كرێكارانی كوردستان ئەنجامدانی گۆرانكارییەكانی نێو كۆنسەی پارتیەكەی دووپات كردەوە و ئاماژەی دا كە ئەو گۆرانكاریانە پێوەندییان بە نێوخۆی حزبەوە هەیە. گوتیشی: \""ئەو گۆرانكاریانە ناوخۆین و پێوەندییان بە هیچ كێشەیەكی نێوخۆییەوە نییە، بەڵكو گرێدراوی كاروباری رێكخستنە.\""
زاگرۆس هیوا ئەوەیشی خستە روو كە ئەو گۆرانكاریانەی كراون پێوەندییان بە جەمیل بایك و موراد قەرەیلانەوە نییە. گوتیشی: ئەوەی كراوە هیچ پێوەندییەكی بەو قسە و باسانەوە نییە، بەڵكو گۆرانكاری و ئاڵوگۆرە و هیچ كەسێكیش نەمزانیوە نارازی بێت لەوە.
ئەو بەرپرسەی پەكەكە ئەوەی رەت كردەوە كە پێوەندییەكانیان لەگەڵ پارتیی دیموكرانی كوردستان گرژ بووبێت.
بە باوەری زاگرۆس هیوا نابێت شیكردنەوەی هەڵە بۆ گۆرانكارییەكانی ئێستای پارتەكەیان بكرێت، بەڵكو دەبێت بە ئاسایی وەر بگیرێن."
