ئەوەی پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكەی هێناوەتە كوردستان كوردە

ئەوەی پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكەی هێناوەتە كوردستان كوردە
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كە لەسەرچاوەیەكی ئاسایشەوە دەستیكەوتوون، ئەو پشتێنە بۆمبڕێژكراوەی كە بڕیاربوو خۆكوژێكی بەرەگەز سووری ئاسایشی ئاكرێی پێ بتەقێنێتەوە، بەر لە خۆكوژەكە هێنرابووە كوردستان و لە نزیك بەردەڕەش شاردرابووەوە، بەڵام هەرزوو ئاسایش ئاشكرای كردووە و پووچەڵی كردووەتەوە.

رۆژی 3/11/2013 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا دەستگیركردن و دانپێدانانی دوو كەسی بڵاوكردەوە كە یەكێكیان بە نیازبوو بە پشتێنی بۆمبڕێژكراو خۆی بە ئاسایشی ئاكرێدا بتەقێنێتەوە، ئەوی دیكەش ئاسانكاری بۆ كردووە بۆ ئەنجامدانی كردەوەكە و گەیشتنی بە هەرێمی كوردستان.

بەپێی راگەیەنراوەكەی ئاسایش، تۆمەتباری یەكەم بە رەگەز عەرەبی سوورییە بەناوی (قوتەیبە ئەحمەد قاسم خەتیب) ناسراو بە (ئەبو قەتادە موسلم) و لەدایكبووی 1996ە.

سەبارەت بە چۆنێتی هاتنی بۆ هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی ئاسایش لە بەیاننامەكەدا روونیكردووەتەوە \"لە رێگەی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام رێكخراوەو دوای چەندین مانگ لە راهێنان لەگەڵ 9 تیرۆریستی دیكە رەوانەی عێراق كراون، پاش مانەوەی یەك مانگ لە مووسڵ لە رێگەی چەند تیرۆریستێكی دیكەوە ئامادەكراوە تاوەكو بارەگای ئاسایشی قەزای ئاكرێ سەر بە پارێزگای دهۆك لەڕێی پشتێنی بۆمبڕێژكراوەوە بتەقێنێتەوە\"".

لەبارەی دەستگیركردنی كەسی دووەم، راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوە كردووە \""لە چالاكیەكی تایبەتدا توانرا تیرۆریستی دووەمیش كە ناوی تەواوی (مقداد عەبدولقادر ناسر خوزەیر)ەو ناسراوە بە (ئەبو عەبد) لە دایكبووی 1967ی شاری مووسڵ دەستگیر بكرێت\"".

ئەبو عەبد لە دانپێدانانەكەیدا دەڵێت لە ساڵی 2007 پەیوەندی بە قاعیدەوە كردووە و مانگێك لەمەوبەر پەیوەندی بە دوو كەسەوە كردووە بەناوەكانی حاجی و ئەبو ئەحمەد، دوو كەسی دیكەش لەوێ بوونە و رێككەوتوون كردەوەیەك دژی ئاسایشی ئاكرێ ئەنجام بدەن.

بەپێی دانپێدانانەكە، ئەبو عەبد لە رێگەیەكەوە ئەو خۆكوژە سوورییەی گەیاندووەتە نزیك رووبارێك و لەوێ پێیگوتووە بپەڕێتەوە ئەوبەر كەسێك چاوەڕێی دەكات، بەڵام دوای دەستگیركردنی خۆكوژەكە، ئەویش دەستگیر كراوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە شوێن و كاتی دەستگیركردنەكەی بدات.

\""كوردێك پشتێنەكەی بە دوو بازگەدا هێناوە\""

بەپێی زانیاری (رووداو) كە لەسەرچاوەیەكی ئاسایشەوە دەستیكەوتووە، سێ رۆژ دوای تەقینەوەكانی هەولێر واتە لە رۆژی 1/10/2013 ئاسایشی ئاكرێ زانیاری پێگەیشتووە كە بڕێك ماددەی تەقەمەنی وەكو پشتێنێكی بۆمڕێژكراو لە مووسڵەوە بەرەو ئاكرێ دێت و لەڕێی كەسێكی خۆكوژەوە لەنێو بارەگای ئاسایشی ئەو شارە دەتەقێنرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی ئاسایش گوتی \""پشتێنەكە لەڕێی كەسێكی كورد بە دوو بازگەدا تێپەڕیوە و لە ناوچەیەكی دەوروبەری قەزای بەردەڕەش شاردبوویانەوە، دوای زانینی شوێنی شاردنەوەی تەقەمەنییەكە كە بڕی 4.5 كیلۆ بووە، تیمێكی ئەندازیاری ئاسایش چوونەتە ئەو شوێنەی تەقەمەنییەكەی لێبووە و دوای لەكارخستنی، پشتێنەكەیان لە شوێنی خۆی داناوەتەوە\"".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی \""رۆژی دواتر ئەو دوو كەسەی دەستگیركران، هاتوون پشتێنەكەیان بردووە، بەڵام لەكاتی گەیشتنیان بۆ بازگە لەلایەن كارمەندانی ئاسایشەوە داوای ناسنامەیان لێدەكرێت، لەوكاتەدا خۆكوژەكە هەوڵی تەقاندنەوەی پشتێنەكە دەدات، بەڵام نەتەقیوەتەوە و هەردوو كەسەكە لەوێدا دەستگیر كراون\"" .







رووداو "
Top