تا ئێستا هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبون بۆ مامۆستایانی سنوری ئیدارەی راپەرێن دروستنەكراوە

تا ئێستا هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبون بۆ مامۆستایانی سنوری ئیدارەی راپەرێن دروستنەكراوە
مامۆستایانی سنوری ئیدارەی راپەڕین گلەیی لەوە دەكەن كە تا ئێستا هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبونیان بۆ دروست نەكراوە و بەپرسێكی یەكێتـی مامۆستایانیش دەڵێت هەوڵەكانمان بۆ ئەو بابەتە خستوەتەگەڕ.


ژمارەیەك مامۆستا بۆ پەیامنێر باسیان لەوەكرد كە وێڕای خزمەتێكی زۆری كاری مامۆستایی تا ئێستا نە یەكەی نیشتەجێبونیان پێدراوەو نە زەویش تا خانوی لەسەر دروست بكەن.


گلەییان لەوەشكرد كە بەداخەوە یەكە نیشجێبوەكانی مامۆستایان كە پێنج هەزار یەكەیە، بەتەنها لە سەنتەری پارێزگاكان دروست دەكرێن و شارۆچكەو شارەدێكان ناگرێتەوە.


لەوەلامی گلەیی و داواكاری ئەو مامۆستایانەدا، جێگری لقی راپەڕینی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان \" ئەحمەد مەحموود\"" بە پەیامنێری راگەیاند: ئێمە ئەو بابەتەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەت لە شارۆچكەی رانیەو پشدەر تاوتوێ‌ كردوە و ئەوان پێیانوتین كە دەتوانن خانوی جۆری شوقە بۆ مامۆستایان دروست بكەن، بەڵام ئێمە بە شیاومان نەزانی و رەتمانكردەوە و داوامان كرد لە شێوەی كۆمەڵگەی ئاسۆیی مامۆستایان بێت و داواشمان كرد ئەگەر ئەوەش ناكرێت زەوی بۆ مامۆستایان دابین بكرێت بەڵام پێیانراگەیاندین كە زەوی دابەش كردن وەستاوە.

گوتیشی: هەوڵەكانمان لەو روەوە لە شوێنەكانی‌دیکەشدا خستوەتەگەڕو جێگری سەرۆكی حكومەتیشمان لێی ئاگاداركردوەتەوە لەو روەوە چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین و لە هەوڵەكانیش ناوەستین چونكە بە مافێكی رەوای مامۆستایانی دەزانین كە ببن بە خاوەن یەكەی نیشتەجێبونی خۆیان."
Top