غالیب ئەنساری ئۆغڵو: دەبێ پەكەكە چەك دابنێت

 غالیب ئەنساری ئۆغڵو: دەبێ پەكەكە چەك دابنێت
پەرلەمانتاری دیاربەكری پارتی دادوگەشەپێدان غالیب ئەنساری ئۆغڵۆ رایگەیاند كە مەرجی سەرەكی بەردەوامی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد چەك دانانی پەكەكەیە.

غالیب ئەنساری ئۆغڵو لە دیمانەیەكی تایبەتیدا لە گەڵ دەنگی ئەمەریكا رایگەیاندووە كە دوای ئاشكراكردنی پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا دەنگۆی هەرەسهێنانی قۆناغی چارەسەری بڵاوبووەتەوە و ئەمەیش بووەتە هۆكاری دروستبوونی ترس و گومان لای خەڵك.

ئەنساری ئۆغڵۆ گوتی: پەكەكە بە بیانووی ئەوەی كە حكوومەت هەنگاوی نەناوە و داواكارییەكانی جێبەجێ نەكردووە، باسی شەڕ و بەكارهێنانی چەك دەكات. مەرجی سەرەكی بەردەوامی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد چەك دانانی پەكەكەیە، بۆیە بۆ بەردەوامی لەو قۆناغە پێویستە پەكەكە چەك دابنێت.

ناوبراو لە بەشێكی دیمانەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پەكەكە بە بیانووی شەڕی سوریا و رۆژئاوا و هەروەها بە هۆی نزیك بوونەوەی هەڵبژاردنەكان لە توركیا نایەوێ واز لە چەك و شەڕی چەكداری بهێنێت و دەیەوێت بە بەكارهێنانی چەك و شەڕی چەكداری وەكو كارتێكی گوشار حكوومەت ناچار بكات، داواكارییەكانی جێبەجێ بكات و لە لایەكی دیكەیشەوە دەنگی خەڵك بۆ خۆی كۆ بكاتەوە.

ئەنساری ئۆغڵو لە كۆتاییدا گوتوویەتی: كەماسی و كێشەی پاكێجی دیموكراتیزەكردنی توركیا زۆرن، مرۆڤ ناتوانێت كێشە و گرفتی 100 ساڵ لە یەك رۆژ و بە یەك پاكێج چارەسەر بكات، بەڵام كوشتنی خەڵك لە بەر ئەو كێشە و گرفتانەش كارێكی شەرعی نییە.
Top