چەکی قەرەبوو بەسەر زیندانییە سیاسییەکانی ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێم دابەشکرا

چەکی قەرەبوو بەسەر زیندانییە سیاسییەکانی ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێم دابەشکرا
لە ھەشتەمین قۆناغی قەرەبووکردنەوەی زیندانیی سیاسی، ئەنفال و گیراوەکاندا، زیاتر لە ھەزار و سێسەد چەکی قەرەبوو دابەشکرا.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە مەراسیمێکدا لە چوارچێوەی قۆناغی ھەشتەمدا ھەزار و ٣٠٧ چەکی قەرەبوو بە سەر زیندانی سیاسی، ئەنفال و گیراواندا دابەشکرا.


مەراسیمەکە بە ئامادەبونی بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان ، بەختیار فەرەج و بەڕێوبەری زیندانییە سیاسییەکان ئەحمەد مام رەسول بەڕێوەچوو.


وەک ئەوەی لە ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: بۆ سنووری ھەولێر ٣٩٠ کەس و سنووری پارێزگای سلێمانی ٦٢١ کەس و سنووری پارێزگای دھۆک ٢٩٦ کەسە کە کۆی گوژمەی تەرخان کراو لە زیاتر لە ١٦ ملیار دینار دەبێت و بە سێ بڕی جیاواز بە پێی ماوەی زیندانی بونیان دەدەرێت بە زیندانیان .

بەپێی ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە، تاوەکوو ئێستا پێنج ھەزار و ٢٢٦ زیندانی بۆ قەرەبووکردنەوە، ناویان پشتڕاستکراوەتەوە .
Top