ماڵپەڕی بی بی سی: كورد ستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێت

 ماڵپەڕی بی بی سی: كورد ستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێت
لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانەدا بیت ئازایەتی دەوێت بۆ ئەوەی پارەیەكی زۆر لە دروستكردنی پاركێكی پڕ لە یاریدا خەرج بكەیت، بەڵام پرۆژەی \"چاڤی لاند\"" لە شاری سلێمانی هەنگاوێكی گرنگ و بوێرانەیە

. لە لایەكەوە هەموومان دەزانین هێشتا لە عێراقدا گرنگییەكی ئەوتۆ بە بواری گەشتوگوزار نادرێت و لە لایەكی دیكەوەش دەزانین كە توندوتیژی و كێشەی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق بە زیندوویی لە یاده‌وەرییەكاندا ماوەتەوە.

سەرەڕای هەموو ئەم كێشە و ناڕەحەتیانەی ڕابردوویش پرۆژەی گرنگ لە هەرێمی كورستاندا جێبەجێ دەكرێن و یەكێك لەوانیش پرۆژەی سەرنجڕاكێشی \""چاڤی لاند\""ە لە شاری سلێمانی.

بەردەوامیش ژمارەیەكی زۆر كەس لە سەرانسەری عێراقەوە سەردانی \""چاڤی لاند\"" دەكەن بۆ مەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش، لەوانەش هاووڵاتیان كە لە شارەكانی وەكو بەغدا و بەسرەوە دێن.

كوردستان هەرێمێكی ئارام و سەرنجڕاكێش
تەقینەوە و توندوتیژی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق درێژەی هەیە، بەڵام هەرێمی كوردستان شوێنێكی ئارام و هێمنە. كاتێكیش سەردانی ئەو هەرێمە دەكەیت وا هەست دەكەیت گەلی كورد لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتێكی نوێدایە.

دەوڵەتێك كە ئەو سنوور و بەربەستانە تێك بشكێنێت لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانیدا لە لایەن وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە دیاریكران.

بەرپرسێكی پرۆژەی چاڤی لاند (حەسەن محەمەد) بە شانازییەوە دەڵێت \""باكووری عێراق بریتییە لە كوردستان. ئێرە شوێنێكی ئارامە. خەڵكی بۆ مەبەستی جیاواز ڕوو لە ئێرە دەكات، لەوانەیش بۆ مەبەستی خوێندن و بۆ مەبەستی كاری بازرگانی\"".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی فەرمی دان بە هەرێمی كوردستاندا بنێت، (حەسەن محەمەد) گوتی \""بەڵێ، بێگومان. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو هەنگاوە هەڵگرێت\"".

ڕاستە باروخێكی تایبەتی و پڕ لە توندوتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە، بەڵام هێشتا گۆڕانكاریەكە نەگەیشتوەتە ئاستی ڕێككەوتن بۆ مەبەستی دامەزراندنی دەوڵەتی نوێ.

لە پاش جەنگی یەكەمی جیهانی وڵاتانی زلهێزی جیهان خاكی كوردانیان بە سەر وڵاتانی سوریا و توركیا و ئێران و عێراقدا دابەش كرد.

لاوازیی حكوومەتی ناوەندی و بەهێزیی حكوومەتی هەرێم
گومان لەوەیشدا نییە كە قەیرانەكانی ئێستای عێراق و لاوازی حكوومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەرفەتێكی زێڕینی بۆ كوردەكان ڕەخساندووە بۆ پاراستنی ئۆتۆنۆمیی هەرێمەكەیان و هەوڵدان بۆ بەرەوپێشتربردنی و هەڵگرتنی هەنگاویش بەرەو سەربەخۆیی.

هەر شەپۆلێكی توندوتیژی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق حكوومەتی فیدراڵی زیاتر لاواز دەكات و زیاتر یارمەتیی كوردەكانیش دەدات بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بەهێزتر بكەن.

(سۆلی ئۆزیل) له‌ پسپۆڕانی كاروباری سیاسیی توركیا، ئاماژە بە گرنگی و هەستیاری ئەم بارودۆخە تایبەتییە دەكات كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە. ئەو دەڵێت \""ئێستا كوردەكان لە باكووری عێراق خاوەنی حكوومەت و دەسەڵاتی خۆیانن.

پێدەچێت دەرئەنجامی ڕووداوەكانیش بەو جۆرە بێت كە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی كوردی لە سوریاش دابمەزرێت. هەربۆیەش كورد وەكو گەلێك جارێكی دیكە لە گۆڕەپانی سیاسی جیهاندا دەركەوتوەتەوە. كوردەكان خۆیان خەریكی هەڵوەشاندنەوەی سایكس پیكۆن\"".

پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە
ڕەوشێكی سیاسی پڕ لە گۆڕانكاری تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە. وا دیارە تەواوی هێزەكانی ناوچەكەش سیاسەتێكی تایبەت بە خۆیان پەیڕەو دەكەن. بۆ نموونە، حكوومەتی توركیا بۆ ماوەی چەندین دەیە شه‌ڕی پەكەكەی کرد.

حكوومەتی توركیا لە شەرێكی كولتووریشی هه‌بوو له‌گه‌ڵ گەلی كورددا و تەنانەت وشەی \""كورد\""ی قەدەغە كرد و لەبری ئەو وشەی \""توركی شاخاوی\""ـی بە كار دەهێنا؛ جاروبار سوپای توركیا په‌لاماری ناو سنووره‌کانی عێراقیش دەدا، له‌به‌ر ئەوەی گه‌ریلاکانی پەكەكە لە بەرزاییەكانی قەندیل بوون.

بەڵام ئێستا سیاسەتی ئەنقەرە زۆر گۆڕاوە و پەیوەندییەكی زۆر بەهێزی بواری ئابووری و بازرگانی و وزەش لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا هەیە. ئێستا حكوومەتی توركیا نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان دەكڕێت و كۆمپانیاكانی توركیاش پرۆژەی گەورەی وەبەرهێنان لە هەرێم ئەنجام دەدەن. بێگومان ئەم پەیوەندیەش گرنگە و بەردەوامیشی دەبێت، چونكە هەرلایەنێكیان شتێك دەداتە لایەنەكەی دیكەیان كە پێویستیەتی.

تاكو ئێستاش ژمارەیەكی زۆر لە كوردەكان پێیان خۆشە ببنە خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە هەر چوار پارچەی كوردستانی گەورە لە خۆی بگرێت. كوردەكان ئەوەش دەزانن كە دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەیش كارێكی ئاسان نییە.

حكوومەتی توركیا پەپوەندیی بەهێزی لەگەڵ هەولێردا هەیە و وا دیارە پشتگیری لە ئەزموونی دەوڵەتداری لەم پارچەیەی كوردستانیش دەكات. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆر زیرەكانە سیاسەتی خۆی پەیڕەو دەكات. \'هێمن هەورامی\' بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت \""ئەگەر بێت و ئەو پرسیارە لە هەر كوردێك بكەیت كە ئایا دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردیت دەوێت،

ئەوا وەڵامەكەی \""بەڵێ\"" دەبێت. بەڵام سیاسەتی كوردستان هەڵگرتنی هەنگاوە بەو ئاراستەیەدا لە ڕێگایەكی ئاشتیەوە. ئێمە نامانەوێت هۆكاری پارچە پارچەبوون و لێك هەڵوەشاندنی عێراق بین\"".

نەوت و پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان
بێگومان كوردەكان خۆشحاڵ دەبن ئەگەر عێراق لە بەر هۆكاری دیكە پارچە پارچە بێت و لێك هەڵوەشێت. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە كاتی ئێستادا باوەڕی وایە كە دەتوانێت لە سەر پرۆژە و پلانی خۆی بەردەوام بێت و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی نوێ بە بێ ئەوەی پێویست بكات بە دەنگی بەرز هاوار بكات كە ئەو كارە مەبەستیەتی.

ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەنابەر ــ بە زۆری پەنابەری كوردی ڕۆژئاوای كوردستان ــ وەردەگرێت. هەرێم خاوەنی ئاڵا و سروودی نیشتمانی و هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیەتی. لەوەیش زیاتر، كوردستان خاوەنی نەوتی خۆیەتی.

ئێستا بۆریەكی نەوت لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا دانراوە و لە داهاتوودا لەو ڕێگایەوەش نەوتی هەرێم بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت.

بێگومان سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پشتگیری لە پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان دەكات. سەرەڕای ئەوەش، دەبێت بزانین ئەم پرۆژەیە لە كاتێكی زەحمەت و ناوچەیەكی زۆر مەترسیداردایە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانیا"
Top