لە گەرمیان ھیچ ھاوڵاتییەکی عەرەب موڵک و زەوی بەناو نەکراوە ‌

لە گەرمیان ھیچ ھاوڵاتییەکی عەرەب موڵک و زەوی بەناو نەکراوە ‌
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئیدارەی گەرمیان ئاشکرایدەکات، تاوەکو ئێستا ھیچ ھاوڵاتییەکی بەڕەگەز عەرەب لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا موڵک و خانوو و زەوی بە ناوەوە نییە، ئەوش دەخاتەروو، تا ئێستا ھیچ دەرچوویەکی بەڕەگەز عەرەبیش لە سنورەکەدا دانەمەزراون.


بە پێی راگەیاندراوێکی ئیدارەی گەرمیان کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر کەوتووە، بەرێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەکە، رائد حسێن شێرزاد رایگەیاندووە کە رۆژانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ھاوڵاتیانی عەرەب روو لە ناوچە جیاجیاکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان دەکەن بەمەبەستی نیشتەجێبوون، بەڵام تائێستا ھیچ ھاوڵاتیەکی بەڕەگەز عەرەب مۆڵک و خانوو و زەویان بەناوەوە نەکراوە و پلەی دامەزراندنیشان لە یەکە ئیدارەییەکانی سنورەکەدا نەبووە.


حوسێن شێرزاد روونیشکردۆتەوە، ئەو خێزانە عەرەبانەی دێنە گەرمیان تەنھا بۆ ماوەیەکی کاتی دەمێننەوە و ھۆکاری ھاتنیشیان تێکچوونی باری ئەمنی ناوچەکانی خۆیانە، یان سەرقاڵبوونیانە بە کاری بازرگانی.


راشیدەگەیەنێت، بەپێچەوانەی سنوری ئیدارەی گەرمیانەوە، لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەولێر، خێزانە عەرەبەکان خانوو و زەویان کڕیوە و بەناویانەوەیە لەگەڵ ئەوەشدا مافی دامەزراندنیشان ھەبووە.

بەرێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی گەرمیان ئەوشە دەخاتەڕووکە بە پێ ئامارە نافەرمییەکان لە پارێزگای سلێمانی ١٧ ھەزار بەڕەگەز عەرەب ھەن، لەو رێژەیەش ھەزار کەس مۆڵک و خانوو و زەویان ھەیە، بەھەمان شێوە لە پارێزگای ھەولێریش، ٤٣ ھەزار دانیشتووی بەڕەگەز عەرەب ھەن و ھەزار و ٣٠٠ کەسیان موڵک و خانوو و زەویان ھەیە.
Top