هەفتەنامەی وشە: ئەسەد وەك كوڕی خۆی هاوكاریی پەیەدە و پەكەكە دەكات

هەفتەنامەی وشە: ئەسەد وەك كوڕی خۆی هاوكاریی پەیەدە و پەكەكە دەكات
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی نووسراو، حكوومەتی سووریا لە ڕێگەی هۆبەی تەناهی و هەواڵگریی خۆیەوە سەرجەم لق و مەفرەزەكانی سەربازیی خۆی لە جموجۆڵی چەكدارانی \"پەیەدە\"" باڵی سووریای پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) ئاگادار دەكاتەوە و داوایان لێ دەكات ئاسانكاریی تەواو بۆ پەیەدە بكەن بە هۆی كاركردنیان كە كوشتنی سەرانی پارتەكانی تر و ڕاوەدوونانی چالاكانی سیاسییە بۆ بەرژەوەندیی حكوومەتی سووریا.

لەو بەڵگەنامانەدا كە هەفتەنامەی وشە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دەقە عەرەبییەكەیشی بڵاو كردوونەتەوە، بە وردی و بە ژمارەی نووسراو و مێژووی دەرچوونیانەوە، ڕوون كراوەتەوە كە بەشێك لەو چالاكیانەی پەیەدە لە سووریا ئەنجامیان دەدات بە ڕێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی سووریا.

لە یەكێك لە بەڵگەنامەكاندا كە دەستگای هەواڵگریی ڕژێمی ئەسەد ڕەوانەی مەفرەزەكانی ڕمێلان – مالیكییە – سێمالكا – یەعروبییەی كردووە، ئەوە خراوەتە ڕوو كە، بە ڕێككەوتن لەگەڵ باڵی سەربازیی پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە)، ئاگادارتان دەكەینەوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گرووپێكی 150 كەسی لە ئەندامانی پەكەكە، لە ڕێگەی سنوورەكانەوە لە سەرازگەی قەندیلەوە لە باكووری عێراقەوە دێتە ناووەوەی وڵات(سووریا)، بۆیە داواتان لێ كراوە كە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو بەرپرسە سەربازییەدا بكرێت كە لە كگاتی گونجاودا سەردانتان دەكات، بۆ ئاسانكاریی تێپەڕبوونیان لە سنوور و گواستنەوەیان بۆ لقی ئاسایشی سەربازی لە حەلەب و شاندنیان لە ڕێگەی چەند خولێكی تایبەت بۆ بەرژەوەندیی ئەو لقە.

بەڵگەنامەیەكی دیكە كە هیی هەواڵگریی سووریایە هاتووە: بۆ سەرۆكی بەشی 330، هەڤاڵ/سەرۆكی لیژنەی تەناهی لە پارێزگای حەسەكە، بەپێی بڕیاری نووسینگەی هەواڵگریی نەتەوەیی ژمارە 4663 لە بەرواری 6-3-2012، ڕێگە بە گرووپێكی ئەندامانی چەكداریی باڵی سەربازیی پارتیی یەكێتیی دیموكرات سەر بە پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە ناوچەی مالیكییە دەدرێ بۆ جێبەجێكردنی چەند ئەركێك و جووڵانەوە لەو ناوچە سنوورییەی نزیك سنوورەكانی عێراق، بە تایبەتی ئەوەی ناو دەنرێ بە هەرێمی كوردستانی عێراق، بۆ ڕاوەدوونانی ئەندامانی بەرهەڵستكاری سووریا كە لە بەجێگەیاندنی ڕاژەی سەربازی ڕایان كردووە.

نووسراوێكی تری بەڵگەنامەیی كە لە لقی تەناهیی حەسەكەوە بۆ مەفرەزە و بەشەكان دەرچووە، هاتووە: داواتان لێ كراوە ڕووبەڕوو نەبنەوە لەگەڵ ئەو خۆپێشاندانە نەیارییانەی لەو ناوچانەدا دێتە ڕێكخستن كە زۆرینەی دانیشتوانیان كوردن، لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی عەفرین و كۆپانی ئەوەیش بە مەبەستی فرەواننەبوونی رشووبەری بەیەكدادانەكان، بە تایبەتی ئەو ناوچانە نزیكن لەگەڵ توركیا كە زۆرینەیەكی كوردی تێدا دەژی و لە لایەكی تر دەكەونە سەر سنوورەكانی ئەوەی بە هەرێمی نیوچە سەربەخۆ ناو دەبرێ.

لە بەشێكی تری نووسراوەكەدا داوا لە لق و مەفرەزەكان كراوە، بۆ كاركردن و فرەوانكردنی پێوەندیی لەگەڵ چەكدارانی پەیەدەی سەربە پەكەكە، بەوپێیەی بۆ كاركردن بۆ بەرژەوەندیی سەركردایەتی ڕاسپێردراوە لە كوشتنی سەرانی پارتەكانی تر و ڕاوەدوونانی چالاكانی سیاسی."
Top