بە ڕەگەز عەرەبن... گیرفانبڕەکانی بەردەم بانکەکان لە ھەولێر دەستگیر دەکرێن
نەقیب ئومێد عارەب ئەفسەری نووسینگەی باشووری پۆلیسی نەھێشتنی تاوان ڕایگەیاند \"دوای سەرھەڵدانی چەند حاڵەتێکی بڕینی گیرفانی ھاووڵاتیان و دزینی پارە لێیان لەناو بانک و چەند فەرمانگەیەکی دیکەی حکوومیدا، ھێزەکانمان لە نووسینگەی باشووری ھەولێر، دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کرد و توانییان دوو تاوانباری بە ڕەگەز عەرەبن و خەڵکی شاری مووسڵن بە ناوەکانی (ج.ڕ.ع ) لەدایکبووی (١٩٥٣) لەگەڵ (ع.ب.ێ) لەدایکبووی (١٩٥٤) لە کاتی ئەنجامدانی تاوانێکدا دەستگیر بکەن کە بڕینی گیرفانی ھاووڵاتییەک بوو و بڕی (٨٠٠) دۆلاریان لە گیرفانی ھاووڵاتییەکە دەرھێنابوو.
نەقیب ئومێد عارەب، ڕوونیشی کردەوە کە دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو تاوانبارانە کراوەتەوە و دانیان بەوەشدا ناوە کە جگە لەو تاوانە، چەند جارێکی دیکەش تاوانی ھاوشێوەیان لە سنووری شاری ھەولێر و مووسڵ ئەنجام داوە. ئاماژەشیدا: دادوەر بڕیاری داوە بە ڕاگیرکردنی تاوانبارەکان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە بە پێی ماددەی (٤٤٦) لە یاسای سزادان.
ڕاگەیاندنی پۆلیسی ھەولێر"
