كۆنگرەی هەرێمی لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سازكرا
بە ئامادەبوونی نوێنەری ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دادگای نێودەوڵەتی لاهای، كۆنگرەی هەرێمی لەپێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كارەكانی ئەنجام درا.
سیروان شێخە ئەندامی كۆنگرەی ناوبراو بە ئاژانسی پەیامنێری گووت: ئەم كۆنگرەیەی ئەمڕۆ لە هەرێم بەرێوەدەچێت نیشاندانی ئامادەیی كوردستانە بۆ ئەوەی كەیسەكانی ئەو تاوانانەی بەرامبەری ئەنجامدراوە بۆ ئەو دادگایە بەرزبكرێتەوە، هەروەها داواكردنە لە دادگاكە بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر حكومەتی عیراق ببێتە ئەندام لەو دادگایەداو ئیمزا لەسەر ڕێكەووتننامەی ڕۆما بكات بۆ ئەوەی گەرەنتی دروست بێت بۆ دووبارە نەبوونەوەی تاوانەكانی دژبە مرۆڤایەتی لە عیراق.
لەم كۆنگرەیەی ئەمڕۆ كه دەستی بەكارەكانی كرد چەند باسێك پێشكەش كران لەبارەی پێناسەكردنی تاوان و تاوانباران و ناسینەوەیان و پۆلێنكردنیان و شێوازی بەرگریكردن و ناساندن و بەرزكردنەوەیان بۆ دادگای باڵای نێودەوڵەتی لە لاهای.
