دەستەی نەزاهە: بەرپرسانی هەرێم سامانەكەیان ئاشكرا نەكەن، ناویان بڵاو دەكرێتەوە و سزا دەدرێن

دەستەی نەزاهە: بەرپرسانی هەرێم سامانەكەیان ئاشكرا نەكەن، ناویان بڵاو دەكرێتەوە و سزا دەدرێن
لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانی تازە، دەستەی نەزاهەی هەرێم فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت‌ و سامان بە بەرپرسانی هەرێم پڕ دەكاتەوە و ئەگەر سامانەكانیان ئاشكرا دەكەن، ئەوا نواەكانیان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاو دەكرێتەوە و سزای ماددیش دەدرێن.

سەرۆكی دەستەی نەزاهەی هەرێم، حاكم ئەحمەد ئەنوەر، بە هەفتەنامەی (باس)ـی راگەیاندووە، راستەوخۆ دوای پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان، فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت‌ و سامانی بەرپرسان‌ و ئەندامانی هەرسێ‌ دەسەڵاتەكانی دادوەری‌ و جێبەجێكردن‌ و یاسادانان پڕ دەكرێنەوە.

پڕكردنەوەی فۆڕمەكە بەپێی یاسای دەستەی نەزاهە سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی، سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، سەرۆكی پەرلەمان و جێگر و سكرتێر و ئەندامانی پەرلەمان، وەزیرەكان و بریكار و ئەوانەی پلەی وەزیریان هەیە، سەرۆكی یەكەی ئیداریی وئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەدەرەكانیان، دادوەران و ئەندامانی داواكاریی گشتی و لێكۆڵەرەوانی دادی، ئەفسەرانی پاسەوانی هەرێم و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، خاوەن پلەی تایبەتەكان دەگرێتەوە. رێنماییەكی تایبەتیش لە لایەن دەستەی نەزاهە بەم بوارە دەردەكرێت.

بەپێی زانیاریەكان، فۆرمێك بە ناوی راپۆرتی ئاشكراكردنی دارایی ئامادە كراوە كە 2 لاپەرەیە و كۆمەڵێك زانیاری تێدایە، لەوانە ناو و پۆست و مووچە و سامانی گواستراوە و نەگواستراوە، خانوو، زەوی، ئۆتۆمبێل، كۆمپانیا، رەسید و ژمارەی بانكی، لەگەڵ ئاشكراكردنی ئەو شتانەی بە ناوی خۆیی و منداڵ و هاوسەرەكانیان هەیە. هەوەها ئاشكراكردنی هەموو ئەو پشكانەی كە لە كۆمپانیا و بازرگانی هەیە لە ناوخۆ و دەرەوە.

سەرۆكی دەستەی نەزاهەی هەرێم ئاشكراشی دەكات، ئەگەر هەر بەرپرسێك ئامادە نەبوو فۆڕمی ئاشكراكردنی سەروەت‌ و سامانەكەی پڕ بكاتەوە، ئەوا ناوی لە دەزگاكانی راگەیاندن بڵاو دەكرێتەوە و سزای ماددیش دەدرێت.

دەستەی گشتیی نەزاهە دەستەیەكی سەربەخۆیە و بەپێی یاسای ژمارە(3)ی ساڵی 2011 كارەكانی ڕادەپەڕێنێت و خودی دەستەكەش لەژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت.

سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، د.پشتیوان عەلی، راگەیاند \"ئێمە لەگەڵ ئەو كارەی دەستەی نەزاهەین و شەفافیەتی زیاتر بە حوكمرانی دەدات.\"" گوتیشی، ئاشكراكردنی سەروەت و سامان پێش پۆست نەریتێكی وڵاتانی دیموكراسییە و ئەو كارە لە داهاتوودا لە كوردستانیش پیادە دەكرێت.

ئەندامی هەڵمەتی دادپەروەریی مووچە لە هەرێمی كوردستان، عەلی مەحموود، لە بارەی كارەكەی دەستەی نەزاهە گوتی، ئەو كارە هەنگاوێكی باشە، بەڵام هەموو شتێك نییە، ئەو زیاتر گوتی \""دەبێت باز بە سەر كەس نەدەن و بە یەكەیەكەی بەرپرسان فۆرمەكە پڕ بكرێـتەوە و ئەوانەیشی بە ناوی ئەوان نییە ئاشكرا بكرێت.\""

عەلی مەحموود پێی وایە دەبێت دەستەی نەزاهە كۆنترۆڵی حیساباتی حزبەكان و هاتنی پارە لە دەرەوە بكات. گوتیشی: \""دەبێت دەستەكە، دەستی سیاسییەكان لە نێو كۆمپانیا و كەسی نزیكی سیاسییە بەرزەكان بخاتە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵیان بكات، هەر سیاسییەك كاری بازرگانی بكات سزای بدات.\""

ئەو هەوڵەی دەستەی نەزاهەی هەرێم لە كاتێكدایە كە سەرۆكی دەستەكە سەروەت ‌و سامانەكەی خۆی ئاشكرا كرد كە مووچەیەكی خانەنشینی (9) ملیۆن دیناری و خانوویەك ‌و پارچە زەوییەك‌ و شوققەیەكی لە هەولێر هەیە، لەگەڵ دوو ئۆتۆمبێل.

ئەنجوومەنی وەزیران لە ساڵی رابردوودا بڕیاری دا ئەو فەرمانبەرانەی كە لێپرسراوەتیان هەیە دەبێت بەڵێننامە لە فەرمانگەی دادنووس پڕ بكەنەوە و بەڵێن بدەن مومارەسەی كاری بازرگانی ناكەن و كۆمپانیایش دانامەزرێنن وهاوبەشیش لە هیچ كۆمپانیایەك ناكەن. بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی لە فەرمانگەكانی دادنووسی دەست كەوتوون تاوەكو ئێستا هیچ بەرپرسێكی حكوومی ئەو بەڵێننامەیان پڕ نەكردووەتەوە.

سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەی ئاشكرا كرد هەندێك بەرپرسی باڵای حكوومی بە ناوی تر كۆمپانیایان هەیە و خەریكی كاری بازرگانین، ئەگەر بەڵگەی تەواو لە سەر ئەو كەسانە هەبێت كە كۆمپانیایان بە ناوی ترەوە تۆمار كردووە، دەدرێنە دادگا.

بە پێی سەرچاوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەگەر لە تۆماری كۆمپانیاكان كۆمپانیا بە ناوی فەرمانبەران و بەرپرسان تۆمار كرابێت ئەوە كارێكی نایاساییە و دەبێت لە كارەكانیان دوور بخرێنەوە.

لە برگەی دووەم لە ماددەی (5)ی یاسای (ئینزیباتی فەرمانبەری حكوومی ژمارە 14ی ساڵی 1991 ی كارپێكراو ئەوە خراوەتە روو كە فەرمانبەران و بەرپرسانی حكوومی بۆیان نییە كاروباری بازرگانی ئەنجام بدەن .

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە فەرمانی ژمارە 473 لە 2/8/2011 لە قۆناخی دووەمی چاكسازیەكانیدا بڕیاری دا كاری بازرگانی و دامەزراندن و بەرێوەبردنی كۆمپانیا لە بەرپرسانی حكوومەت قەدەخە بكرێت.

سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران، د.پشتیوان عەلی، دەڵێت، نابێت فەرمانبەر و بەرپرسی حكومی كاری بازرگانی و ئیداری بەیەكەوە بكات، دەبێت یەكیان هەڵبژێرێت.

سەرۆكی دەستەی نەزاهە رای وایە بۆ بنەبڕكردن و كەمكردنەوەی گەندەڵی دەبێت كاری زۆر بكەن . گوتیشی \""گەندەڵی‌ دیاردەیەكی‌ درێژخایەنە و دامەزراندنی‌ دەستەی‌ نەزاهە یەكەم هەنگاوە بۆ كەمكردنەوەی و هەوڵەكانیان بەو ئاڕاستەیەدا دەخەنەگەڕ.‌"
Top