بەمەبەستی بەقەزاكردنی شارەدێی حاجیاوا كەمپینێك راگەیەنرا
لەو كەمپینەدا هاووڵاتیان و رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی مەدەنی راگەیەنراوێكیان بڵاوكردووەتەوە كە ئاماژە بەوە دەكەن\" پێكهاتەی حاجیاوا لە رووی دانیشتوانەوە لە خەڵكی زۆربەی ناوچەكانی كوردستان پێك هاتووە بەتایبەت (پشدەر،مەرگە، بناری كۆسرەت، دۆڵی خەلەكان و خۆشناوەتی) و لە دوای راپەرینی ساڵی 1991 یشەوە حاجیاوا بەپێچەوانەوی زۆربەی كۆمەڵگا زۆرەملێكان بووە بە ئەمری واقیع و رۆژ بەرۆژ بەرەو گەشەسەندن چووە.
بەشێكیدیکەی راگەیەنراوەكە ئاماژە بەوە دەكات كە حاجیاوا لە ساڵی 1999 كراوە بەناحیە و لە دوای بە ناحیە بوونیشیەوە گەشەسەندنی زیاتری بەخۆیەوە دیت كەئەمەش جێگای دڵخۆشیی دانیشتوانەكەیەتی، بەڵام لە ئێستادا خەڵكی ئەم شارەدێیە چاوی لە كار و بەرهەمی زیاترە و قوربانیدانی خەڵكی ئەم ناوچەیە چی ئەوكاتەی لە گوندەكانیان بوون چی لە راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 دا ئەو حەقەمان پێدەدات كە چاومان لەوەبێت حكومەتی هەرێم ئاوڕی جدیتر لەم شارۆچكەیە بداتەوە و لە ناحیەوە بیكات بە قەزا بەتایبەت كە دوای ئەوەی رانیە كراوە بەئیدارەی سەربەخۆ.
راگەیەنراوەكە بە پشت بەستن بە چەند مەرج و بوونی فەرمانگە و گرنگیی شوێنەكە، داواكە دەخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێم لەوانە:
یەكەم: حاجیاوا زیاتر لە 60 هەزار هاووڵاتی تێدا نیشتەجێیە كە لە 16 گەرەك پێكهاتوون.
دووەم: جگە لە بانك ( هەرچەند هەوڵ دراوە بۆ كردنەوەی سەرجەم فەرمانگەكانی تێدایە بە دادگاشەوە كە 35 فەرمانگەیە.
سێهەم: لە رووی جوگرافییەوە زۆر گونجاوە و 14 گوند و سنورێكی فراوانی لەسەرە .
چوارەم: 6 خوێندنگای ئامادەیی و 16 قوتابخانەی بنەرەتی و 4 باخچەی ساوایانی تێدایە.
پێنجەم: زۆربەی زۆری پرۆژە خزمەتگوزاریەكانی بۆ جێبەجێكراوە كە سەرجەم كۆڵان و شەقام و خانووی هاوڵاتیان بە شێوەیەكی ئەندازەیی و لەسەر نەخشە دروست كراوە بە بەراورد بە كۆمەڵێك شوێن كەمترین حاڵەتی زیادەرۆیی هەیە.
شەشەم: رووی بازرگانیەوە بۆتە شوێنێكی گرنگی بازرگانی و خەڵكێكی زۆر بۆ ئاڵوگۆری بازرگانی و سەرمایەگوزاری رووی تێدەكەن."
