دوو پەیمانگای نوێ لە چەمچەماڵ کرایەوەو قوتابیانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمش وەردەگرن

دوو پەیمانگای نوێ لە چەمچەماڵ کرایەوەو قوتابیانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمش وەردەگرن
بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی پەروەردە و زانست لە سنوورەکە و رەخساندنی ھەلی زیاتر بۆ قوتابیانی ناوچەکە، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا، کردنەوەی دوو پەیمانگا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ راگەیەنرا، بە وتەی سەرچاوەیەک قوتابیانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمیش دەتوانن فۆرم پێشکەش بکەن.



لەمبارەیەوە قایمقامی چەمچەماڵ ئامانج محەممەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵ کردنەوەی ھەردوو پەیمانگای \"زانستی کۆمپیوتەر و پەروەردەی وەرزشی\""یان راگەیاند کە قوتابیانی دەرچووی پۆلی نۆی بنەڕەتی وەردەگرن.

ئامانج ئاماژەشیدا: وەرگرتنی قوتابی لەو پەیمانگایانە بە پێی چەند مەرجێک دەبێت، بۆ پەیمانگا وەرزشییەکە لە سەر بنەمای تاقیکردنەوە و پشکنینە وەرزشییەکان و بۆ پەیمانگای کۆمپیوتەریش لەسەر کێبڕکێی نمرە دەبێت.

قایمقامی چەمچەماڵ وتیشی: کردنەوەی ئەو دوو پەیمانگایە لە چەمچەماڵ خزمەتێکی باش بە سنورەکە دەگەیەنێت و ھەلی زیاتر بۆ قوتابیانی ناوچەکە دەرەخسێنێت، چونکە ئەمجۆرە پەیمانگایانە تەنھا لە سەنتەری پارێزگاکاندا ھەیە و شارۆچکەی چەمچەماڵ یەکەم شارۆچکەیە ھەردوو پەیمانگاکای تێدا دەکرێتەوە.

روونیکردەوە: پێشتر قوتابیان بۆ وەرگرتنیان لەو دوو پەیمانگایە، دەبوایە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کێبڕکێکیان بکردایە، بەڵام ئێستا تەنھا لەسەر ئاستی سنوورەکەی خۆیانە.

لای خۆشییەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەردەی چەمچەماڵ ، ھیدایەت جەمال بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری رایگەیاند؛ بەوپەڕی توانایەوە ھاوکاری ئەو پەیمانگایە دەکەین و سەرجەم پێداویستیەکانیان لە رووی بینا و میلاک بۆ دابین دەکەن.
وتیشی: ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، جگە لە قوتابیانی سنوورەکە، قوتابیانی ناوچە دابڕێندراوەکانیش دەتوانن فۆرم وەربگرن و دریژە بە خوێندن بدەن لەو دوو پەیمانگەیە.

ئەو پەیمانگایانە، بۆ ئەمساڵی خوێندن قوتابی وەردەگرن و لە ئێستادا فۆرمی وەرگرتن دابەشدەکرێت و قوتابیانی دەرچووی پۆلی نۆی بنەرەتی، دەتوانن فۆرمەکە پڕبکەنەوە."
Top