نێچیرڤان بارزانی: سەت لە سەت لەگەڵ خەونەكانی ئێوەدام بۆ خۆشگوزەرانی

 نێچیرڤان بارزانی: سەت لە سەت لەگەڵ خەونەكانی ئێوەدام بۆ خۆشگوزەرانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەمیانی دەستكردن بە پرۆژەی داون تاون-ی هەولێر، كە لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی ئیعماری ئیماراتییەوە بەڕێوەدەچێت، هۆشداریی دایە كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی هەرێمی كوردستان لە بواری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبووندا‌و گوتی لەمەودا كواڵێتی خراپ لە هیچ كۆمپانیایەك قبووڵ ناكرێ. داواشی لە گەنجان كرد روو لە كەرتی تایبەت بكەن .

لە سەرەتای وتارەكەیدا نێچیرڤان بارزانی گوتی \"ئەمڕۆ لێرەدا لەبەردەم پڕۆژەیەكی زۆر گەورەدا وەستاوین، ئێرە دوای چەند ساڵێكی دیكە دەبێتە یەكێك لە خۆشترین شوێنەكانی كوردستان و تەنانەت ناوچەكەش ، كە هەموومان شانازی بە جوانی و گرنگییەكەیەوە دەكەین ، لە هەمانكاتیشدا دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ هەزاران خێزان ، ئێرە دەبێتە شوێنێك كە هەولێر و هەموو كوردستان و هەموو عێراقیش شانازی پێوەبكات\"".

كۆمپانیای ئیعمار یەكێكە لە گەورەترین كۆمپانیا بیناسازییەكانی جیهان و گەورەترین بورجی لە جیهاندا دروستكردووە لە شاری دوبەی كە بورجی خەلیفەیە، خاوەنی سەرمایە و پڕۆژەی زۆر گەورەیە لە جیهاندا .

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی ئەمڕۆ كە كۆمپانیای ئیعمار كوردستانی هەڵبژاردووە بۆ پڕۆژەیەكی گەورەی نوێ، نیشانەیەكی دیكەی گرنگتربوونی هەولێر و كوردستانە، هاوكات دەبێتە هێزێكی دیكەی ئابووری بۆ هەولێر\"".

(پڕۆژەی ناوەندی شاری هەولێر) رووبەری ئاواكارییەكەی بریتییە لە 1 ملیۆن و 800 هەزار مەتر چوارگۆشە، كە 541 هەزار مەتر چوارگۆشەی بۆ یەكەكانی نیشتەجێبوون تەرخاندەكرێت و 15 هەزار كەس دەتوانن تێیدا نیشتەجێ ببن ، 715 هەزار مەتری دەكرێتە ئۆفیس ، هەروەها 150 هەزار مەتر چوارگۆشەی بۆ مۆڵێكی مۆدێرن تەرخاندەكرێت و 75هەزار مەتری دەكرێتە دوكان ، 3 هۆتێلی پێنج ئەستێرەی تێدادەبێت. ئەوەش جێگەی سەرنجە كە 40%ی رووبەری گشتیی پڕۆژەكە تەرخانكراوە بۆ سەوزایی و خزمەتگوزارییەكان . ئەوەی زۆرتریش گرنگە لەو پڕۆژەیەدا ئەوەیە كە دەرفەتی كار بۆ 35هەزار كەس دەڕەخسێنێت .

نێچیرڤان بارزانی گوی \""لێرەدا بەپێویستی دەزانم بانگەوازی هەموو گەنجانی كوردستان بكەم، بۆئەوەی روو لە كەرتی تایبەت بكەن و فێری پیشەی جیاواز ببن\"".

ئاماژەی بەوەكرد\""پارەیەكی زۆر لە وڵاتی ئێمەوە دەچێتە دەرەوە، بە هەندێ كار كە گەنجانی ئێمە زۆر باشتر دەتوانن ئەنجامیبدەن ، بەڵام بەداخەوە جۆرێك لەخۆدوورگرتن هەیە لەلایەن گەنجانی ئێمەوە لە كاركردن لە كەرتی تایبەتدا ، لەكاتێكدا ئەو داهاتەی لەكەرتی تایبەتدا دەستیان دەكەوێت زۆر زیاتر دەبێت لە كەرتی گشتیی و حكومی\"".

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتیشی \""رووی قسەم دەكەمە گەنجانی كوردستان و پێیاندەڵێم، من سەت لە سەت لەگەڵ خەونەكانی ئێوەدام بۆ خۆشگوزەرانی، هەوڵدەدەین بگەنە خۆشگوزەرانییەكی زۆر ، بەڵام ئەو خەونانە پێویستیان بە خۆبۆماندووكردنە، نەتەوە و وڵاتی ئێمە بە خوێن و فیداكاری نەوەكانی رابردوو پارێزراوە ، ئێستاش بە كاری زۆر و جیدی ئێوە دەتوانرێت پێشبخرێت .

كوردستان زۆر دەوڵەمەندە و بەرەو قۆناغێكی زۆر گەورەتر هەنگاو دەنێت . ئێستا بەپشتبەستن بە توانا و سامانی ناوخۆییمان، وامانكردووە كەس خەمی كارەبا و سووتەمەنی و زۆر پێداویستی و خزمەتگوزاری دیكەی نەبێت . دڵنیاشبن دوودڵ نابین لە هەر هەنگاوێك بۆ پێشخستنی وڵاتەكەمان و بۆ خۆشتركردنی ژیانی ئێوە ، بەڵام لە هەموو دنیادا حكومەت و خەڵك هەریەكەیان بەشێكی كارەكان دەگرنە ئەستۆ ، بەداخەوە زۆرجاران جۆرێك لە بیركردنەوە دەبینین ، كە پێیوایە ئەوەی دەبێ كاربكات تەنیا حكومەتە ، ئەوە هەموو پێشكەوتنەكانمان نوقسان دەكات ، بۆیە پێتاندەڵێم ئێستا كاتی ئەوەیە ئێوەی گەنجان خۆتان فێری هەموو كارەكان بكەن ، بۆئەوەی ژێرخانی ئابووریی كوردستان بەهێزبكەن و بە باشترین شێوە سوود لە داهاتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان وەربگرن\"" .

داواشی لە رێكخراوەكانی لاوان كرد ئەوانیش بكەونە پەیوەندیكردن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوەی كار بۆ گەنجان لە كەرتی تایبەتدا .

نێچیرڤان بارزانی بە نیگەرانییەوە لە هەوڵی كۆمپانیا نێوخۆییەكانی بواری دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی روانی و گوتی \""كۆمپانیاكان بەهیچ شێوەیەك رەچاوی ئەوەیان نەكرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكارییەكی زۆری كردوون و دەبێ ئەوانیش لەبەرامبەردا شوقە و خانووی بە كوالێتی باش بدەنە خەڵك ، بەداخەوە ئەوە نەكرا، بەڵام ئیتر ئەوە بە هیچ شێوەیەك لە هیچ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت قبوڵ ناكرێت، هەر بەڕێوەبەرایەتییەكی حكومیی پەیوەست بەو بوارەش چاوپۆشی و كەمتەرخەمی بكات ، رووبەڕووی تووندترین سزا دەبێتەوە\"" .

جەختیكردەوە \""ئێمە نامانەوێ هیچ كۆمپانیایەك رێگە بەخۆی بدات خاكی كوردستان و پارەی هاووڵاتیان بە خانوو و شوقەی خراپ بەهەدەر بدات، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ناشەرعی سوودمەند ببێت\"".

گوتیشی \""ئێمە لە كابینەی شەشەم و حەوتەمدا دەستمانكرد بە پێداچوونەوەیەكی جیدی بە مەسەلەی دابەشكردنی زەوی و دروستكردنی كۆمەڵگەكانی نیشتەجێكردن ، ئێستا بە لێكۆڵینەوەی تایبەتەوە بەرچاومان روونە بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو ، خەڵكی كوردستانیش لەماوەی داهاتوودا هەست بەو هەنگاوانە دەكەن . هەروەها رێنمایی تایبەت دانراون بۆ ئەو بوارە ، كە كەمدەرامەتان بتوانن سوودمەندبن لەو پڕۆژانە\"" .

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دڵخۆشی خۆی راگەیاندكە پلانەكانیان بۆ باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان ئەنجامی باشتری هەبووە، بەوپێیەی لە ئەنجامی دوایین رووپێو و لێكۆڵینەوەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان و عێراق بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری دانیشتوان UNFPA و دەزگای RANDی ئەمریكی ، رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان زیاتر دابەزیوە و بووەتە 3.5 لە سەتا، كە لەساڵی 2007دا رێژەكە 4.7% بوو. لەكاتێكدا كە رێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە دابەزیوە ، لە عێراق هێشتا رێژەكە 19%ە.

لە بارەی ئەو روپێوییەوە بارزانی گوتی \""ئەو رووپێوە رێنیشاندەریمان دەكات كە زیاتر بایەخ بە بەرزكردنەوەی داهاتی ئەو بەشانەی پارێزگاكان بدەین ، كە شوێنی سەرەكی كەمدەرامەتی و هەژارین ، بەتایبەتیش ناوچە گوندنشینەكان دەبێ بە پلانی تەواو ببنە مایەی بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان، نەك ئەو شوێنانە بن كە داهاتی تاكەكەس تێیاندا لەخوارەوەیە\"".

بارزانی لە وتارەكەیدا ئەوەی راگەیاند، كە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە رێژەی دانیشتووان بەگشتی لە گوندەكانی عێراقدا لە 70%وە كەمبووەتەوە بۆ 30% حكومەتیش هەوڵدەدات زیاتر بایەخ بە گوندەكانی كوردستان بدات.

لە كۆتایی وتارەكەیدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە دامەزراندنی كابینەیەكی تازەی حكومەت كردو گوتی \""هەموو ئەو لایەنانەی كە حكومەت پێكدێنن یان بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی كوردستان ، ئەركیانە هیچ جۆرە كەمتەرخەمییەك نەكەن لە دروستكردنی كوردستانێكی پشت بەخۆبەستوو و تەواو دامەزراوەیی . خەڵكی هەرێمی كوردستان ئێستا لە قۆناغێكی مێژووییدا دەژین ، پێویستە هەموومان پێكەوە لەئاست ئەو قۆناغەدا بین و دروشممان تەنیا كاركردنی بەردەوام و بڕوابەخۆبوون بێت\"" .








رووداو "
Top