سه‌رۆك بارزانی: یاسای هەڵبژاردن له‌ عێراق وەك بابەتە سیاسییەكانی دیكەی عێراق كێشەی هەیە

سه‌رۆك بارزانی: یاسای هەڵبژاردن له‌ عێراق وەك بابەتە سیاسییەكانی دیكەی عێراق كێشەی هەیە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دۆنی گۆئێغ باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراقی فیدراڵ و شاندێكی یاوەری كۆبۆوه‌، باسیان له‌ چه‌ند پرسێكی هه‌نوكه‌یی كرد و له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی عێراقه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانی وتی، یاسای هەڵبژاردنیش وەك بابەتە سیاسییەكانی دیكەی عێراق كێشەی هەیە و كەموكورتی تێدایە.



لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ رەخساندنی ئەم دیدارە و سەردانی بۆ كوردستان بە سەرۆك بارزانی راگەیاند و كەشوهەوای ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستانی بە بابەتێكی زۆر جیاواز لە بەغدا وەسف كرد و پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند، بە بۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و هاوخەمیی خۆیشی بۆ رووداوە تیرۆریستییەكەی مانگی رابردووی شاری هەولێر نیشاندا و گوتی: \"تیرۆر لە هەموو شوێنێكدا هەیە بەڵام ئێوە توانیوتانە تەناهیی وڵاتەكەتان بپارێزن.\""

لەبارەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانیش باڵیۆزی فەرەنسا بە هەڵبژاردنێكی زۆر باش و سەركەوتووی لە قەڵەمدا. سەبارەت بە رەوشی سیاسیی عێراق باڵیۆزی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا كە لە نەخشەی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا گەشەسەندێكی بەرچاو نابنیرێت و هەرچەندە عێراق هەڵبژاردنی لە پێشە بەڵام هێشتا یاسایەك بۆ هەڵبژاردن نییە و بۆ وڵاتی فه‌ره‌نسا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراقدا گرنگە بۆ ئەوەی سەرەتایەكی نوێ دەست پێ بكات.



لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی باڵیۆزی فه‌ره‌نسایشی كرد و لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر هێمای بەوەدا كە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا ئاساییشی رەها نییە بەڵام ئێمە لەوە دڵنیاین كە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك نابێتە پێگەیەك بۆ تیرۆریستان. پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردنی عێراق و یاساكەی سەرۆك بارزانی گوتی: \"" یاسای هەڵبژاردنیش وەك بابەتە سیاسییەكانی دیكەی عێراق كێشەی هەیە و كەموكورتی تێدایە.\""



هیچ سەرژمێرییەك نییە كە بتوانرێ پشتی پێببەستین و بەشی راستەقینەی پارێزگاكان دیاری بكرێت.\"" هەر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دادپەرەوەری تێدا نەبوو و زوڵمێكی زۆر لە كورد كرا و بەڵێنی ئەوەش درا كە سەرژمێری بكرێت و یاساكەش هەموار بكرێت و مادەی 140 و یاسای نەوت و گاز جێبەجێ بكرێن و مەسەلەی پێشمەرگەش یەكلایی بكرێتەوە بەڵام نە بەڵێنەكان جێبەجێكران و نە یاساكەش هەموار كرا.



سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: \""هەرێمی كوردستان حەز دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام بە مەرجێك كە زوڵم لە كوردستان نەكرێت و ئەو كورسییانەی بۆ بگەڕێتەوە كە لە ئەنجامی پشتبەستن بە یاسای ساڵی 2010 لە دەست كورد چووە و ئەگەر بێتوو دیسان یاسای پێشوو جێبەجێ بكرێت ئەوە هەرێمی كوردستان بەشداری هەڵبژاردن نابێت\"".



بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و قەیرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو."
Top