باڵیۆزی رۆمانیا لە عیراق سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت دەكات
باڵیۆزی رۆمانیا لە عیراق ویستی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و خۆشحاڵی خۆشی بە باری سەقامگیرو بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان نیشاندا.
فەلاح مستەفا وێڕای نشاندانی خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا، جەختی لەسەر سیاسەتی حكومەتی هەرێم كردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكان لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و سوودی دوولایەنە.
هەردوولا باسیان لە دوایین سەردانی شاندی هەرێم كرد بۆ وڵاتی رۆمانیا وەك هەنگاوێك بۆ زیاتر فراوانكردنی بواری پەیوەندیەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی رۆمانیا و خواستی حكومەتەكانیان خستەڕوو بۆ بەردەوام بوون پێشخستنی زیاتری پەیوەندیەكان. هاوكات هەردوولا كۆك بوون لەسەر میكانیزمی گونجاو بۆ دەستەبەركردنی زەمالەی خوێندن بۆ قوتابیانی كوردستان و كردنەوەی هێڵی ئاسمانی راستەوخۆو گەشتوگوزارو هاندانی كۆمپانیای رۆمانی بۆ كاركردن لە هەرێم.
لەتەوەرێكی دیكەی دیدارەكە باس لە پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كراو تیشك خرایە سەر هەڵبژاردنەكانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی عیراق و پرسی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم، لەم رووەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گووتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا.
