خانمان بەشدارى لە پاراستنى ژینگەى کوردستاندا دەکەن

خانمان بەشدارى لە پاراستنى ژینگەى کوردستاندا دەکەن
بە دروشمى هەموومان پێکەوە بۆ پاراستنى ژینگە، ئەمڕۆ دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەى کوردستان سیمینارێکى لەگەڵ ڕێکخراوەکانى خانمان ئەنجام دا، کە ئامانج لێی دانانى بەرنامەیەکى گونجاوە بۆ دروستکردنى هێڵێکى هەماهەنگى بەمەبەستى دیاریکردنى کێشەکانى ژینگەى کوردستان و چۆنییەتى چارەسەر کردنى کێشەکانى.

لە مەراسیمى کۆرانەوەى کۆنفرانسەکە سەمەد محەمەد سەرۆکى دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگە گوتى: پرسی ژینگە بایەخى جدى پێدەدرێت و لە وڵاتە پێشکەوتووەکانى جیهان بەرنامەى پێشکەوتووى بۆ دادەنرێت و لە هەرێمى کوردستانیش بەهۆی بوونى کارگەو کۆمپانیا جیاوازەکان و پێشکەوتنى خێراى کوردستانیش دەخوازێت لایەنى ژینگەمان لەبەرچاو بێت، بۆیە سیاسەتى حکومەتى هەرێم بریتییە لە هاوتەریبی هەموو سیاسەتى پێشکەوتن و ئاوەدانى بەڵام دەبێت ژینگەش بپارێزرێت.

هەروەها گوتیشی: پرسی پاراستنى ژینگە هەر تەنها لە ئەستۆی حکومەتى هەرێمى کوردستاندا نییە بەڵکو، دەبێت هەموو چین و توێژە جیاوازەکان ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆی خۆیان چونکە ئەو پرسە ئەرکێکى نیشتیمانى و نەتەوەییە، و پەیوەندى بە نەوەکانى داهاتووى وڵاتمانەوەیە، ئێمەش لەلایەن خۆشمانەوە وەک دەستەى ژینگە لەگەڵ چین وتوێژەکان گفتوگۆمان کردووە و لە ئێستاشدا لەگەڵ خانمانى کوردستان کۆدەبینەوە بەهۆی ئەوەى خانمان دایکى نەوەکانى داهاتوومانن و پێویستمان بە هاوکاریان هەیە، چونکە ئێمە لە پرسی پاراستنى ژینگە دواکەوتووین و پێویستمان بەهاوکاری خانمان هەیە بۆ ئەوەى بزانین خانمان چ تێڕوانینێکیان هەیە بۆ پرسی چاککردن و پاراستنى ژینگە هەیە.

پاشان د.ڕێزان عومەر ڕەشید مامۆستاى زانکۆی سلێمانى باسێکى زانستى لەبارەى پیس بوونى ژینگە بە ڕوانگەى خانمان پێشکەش کرد.

واش بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بەکارەکانى بهێنرێت دواى ئەوەى چەند ڕاسپاردەیەک لە کۆنفرانسەکەوە ئامادە دەکرێت.
Top