هاوپەیمانیی کوردستانی، دژ بە بەپارێزگاکردنی خورماتوو دەوەستێتەوە
لە بەیاننامەیەکدا کە لەژووری ڕاگەیاندنی نووسینگەی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عارف تەیفوور، کە وێنەیەکی دەستی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر کەوتووە و تێدا هاتووە: \"ئێمە وەکو هاوپەیمانیی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دژی داوای چەند ئەندام پەرلەمانێکین بە بوونی قەزای خورماتوو بە پارێزگایەکی تایبەت بە تورکمان و لەسەر پارێزگای سەلاحەدین لابدرێت، چونکە ئەوە کێشەیەکی گەورە دروست دەکات و بەپێی ماددەی 140ی دەستوور ئەو قەزایە ناوچەیەکی دابڕاوە و بەربەست بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور دادەنێت.\""
بەیاننامەکە هاوکات جەخت دەکاتەوە: قەزای خورماتوو زۆربەی زۆری دانشتوانی کوردن و لە ساڵی 1976 سەر بە پارێزگای کەرکووک بووە، بەڵام لەدوای بڕیاریکی ڕژێمی پێشوو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین و چەند کەسانیک هەن کار دەکەن بۆ بوونی قەزای خورماتوو بە پارێزگا و ئەوەیش دژی دەستووری عێراقە و بەهیچ شێوەیەک جێگای قەبووڵ نییە، بەتایبەتی لەم سات و کاتەدا، چونکە عێراق بە بارودۆخیکی زۆر ناسکدا دەبێت و، نابێت هیچ کاریک بکرێت ببێتە مایەی دروستبوونی کێشەیەکی نەتەوایەتی."
