سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : ڕاگەیاندنی بنیاتنەر و بەرپرس دەتوانێ لە پڕۆسەی گەشەسەندندا موعجیزە دروست بکات

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان : ڕاگەیاندنی بنیاتنەر و بەرپرس دەتوانێ لە پڕۆسەی گەشەسەندندا موعجیزە دروست بکات
ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک نوێنەر و میدیاکار و ڕۆژنامەنووسی ئەو کاناڵە عەرەبییانە کرد کە لە ھەرێمی کوردستاندا کار دەکەن, لە دیدارەکەدا بارزانی گوتی: ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە کە ھەڵبژاردن بەشێوەی یەکبازنەیی بەڕێوە بچێت چونکە زیاتر ڕەچاوی پڕەنسیپەکانی دیموکراسی و دادپەرەوەری دەکات.

لە دانیشتنێکدا سەرەتا نوێنەری کاناڵە عەرەبییەکان زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانیان کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و ھاوخەمیی و سەرەخۆشیی خۆشیان بۆ کەسوکاری قوربانیانی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ھەولێر ڕاگەیاند و دەستخۆشیشیان لە ھەوڵ و ماندووبوونی دەزگاکانی ئاساییش کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامدەرانی ئەم تاوانەیان ئاشکرا کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا میدیاکاران ستاییشی ئاساییش و ئازادییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و سەرکەوتنی پڕۆسەی دیموکراسی و ھەڵبژاردنی پارلەمانی ھەرێمی کوردستانیشیان ھەم بۆ عێراق و ھەمیش بۆ ھەموو ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بە نموونەیی لە قەڵەمدا.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەخێرھاتنی میوانەکانی کرد و لە وتەیەکدا باسی لە بایەخی ڕاگەیاندن لە بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و گەشەسەندنی دیموکراسی کرد و بە تایبەت لە سەردەمی تازەدا ھۆکارێکی گرنگە بۆ گواستنەوەی زانیاری و ڕاستییەکان بۆ ھاووڵاتییان و گوتی: \" ڕاگەیاندنی بنیاتنەر و بەرپرس دەتوانێ لە پڕۆسەی گەشەسەندندا موعجیزە دروست بکات\"". سەرۆک بارزانی بە پێویستیشی زانی کە ئاسانکاریی تەواو ھەبێت بۆ ئەوەی میدیاکار و ڕۆژنامەنووسان بتوانن کاری خۆیان ئەنجام بدەن. سەبارەت بەو ڕێوشوێنە ئەمنییانەی لە بازگەکانی ھەرێمدا دەگیرێنە بەر سەرۆک بارزانی ھێمای بەوەدا کە ئامانجی سەرەکی لەو ڕێوشوێنانە پاراستنی سەلامەتیی ھاووڵاتیان و ڕێگەگرتنە لەوەی تیرۆریستان ئاسوودەیی خەڵک بشێوێنن.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەرگەی پرسیار بۆ میدیاکار و ڕۆژنامەنووسان کرایەوە و لەبارەی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی چەندین پرسیار ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی کران. لە وەڵامی پرسیاری چۆنییەتی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پێکھێنانی حکوومەتی تازەی ھەرێم بەندە بە دەرئەنجامی دانوساندنی لایەنەکان لەگەڵ یەکتر و پێویستیشە لایەنەکان بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و ھاووڵاتیانیان لەبەرچاو بێت و خۆیان لە ھەموو جۆرە ئیبتیزازێک بپارێزن. لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆک بارزانی گوتی: \"" ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە کە ھەڵبژاردن بەشێوەی یەکبازنەیی بەڕێوە بچێت چونکە زیاتر ڕەچاوی پڕەنسیپەکانی دیموکراسی و دادپەرەوەری دەکات. بەھیچ شێوەیەک نابێ بۆ یاسای پێشووی ھەڵبژاردن بگەڕێنەوە و ئەگەر ھەر بەدیلێکیش ھەبێت پێویستە قەرەبووی ئەو زوڵمە بکرێت کە لە ئەنجامی سیستەمی فرەبازنەیی لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت\"".

سەبارەت بە قەیرانی سووریا سەرۆک بارزانی ھێمای بەوەدا کە دەبێ گەلی سووریا بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات و ئەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان جێگەی بایەخە ئەوەیە کە سووریای داھاتوو سووریاییەکی دیموکرات و فرەلایەن بێت و ڕەچاوی مافەکانی گەلی کوردیش بکرێت."
Top