یەكەمین كاوروانی كۆمەكی وڵاتی ڕووسیا گەیشتە هەرێمی كوردستان
ئەو كۆمەكەی ئەمڕۆ لەلایەن وڵاتی ڕووسیاوە گەیەنرایە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی دوو فڕۆكەی بارهەڵگرەوە ڕەوانە كراوە.
بەپێی گوتەی یوجەر سێرگێ نوێنەری وەزارەتی فریاگوزاری ڕووسیای فیدراڵ، ئەو كۆمەكە بریتییە لە 2500 بەتانی و 110 خێمەو 12 تۆن شەكرو هەروەها پۆشاك و كەلوپەلی سادەی ناوماڵ و خۆراكی ئامادەكراو.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیشدا، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێم گوتی: ئەم هاوكارییەی وڵاتی ڕووسیا مایەی نرخاندنی بەرزە، چونكە ڕووسیا یەكەمین وڵاتە كە كۆمەكی ئاوارەكانی وڵاتی سوریا كە لە هەرێمی كوردستانن، دەكات و بەهۆی ئەو كۆمەكانەوە باری گرانی سەر شانی هەرێمی كوردستان سووك دەبێت.
هەروەها ڤالێری پۆسپۆلیۆڤ کونسوڵی گشتی ڕووسیای فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان، هاتنی ئەو كۆمەكانەی وڵاتی ڕووسیای لەمڕۆدا بە ڕۆژێكی مێژوویی وەسفكرد و تەئیكیدی كردەوە كە ئەو هاوكارییانە بەردەوام دەبن.
