بڕیاری بەخشینی كەمئەندامان لە پێشینەی هاوسەرگیری كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە

بڕیاری بەخشینی كەمئەندامان لە پێشینەی هاوسەرگیری كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، بڕیاری بەخشینی كەمئەندامان لە پێشینەی هاوسەرگیری كە پێشووتر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی پێ‌ دەرچووە، دەخاتە بواری جێبەجێكردن و لە ئێستایشدا كەمئەندامان دەتوانن لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی وەزارەت مامەڵەكانیان ئەنجام بدەن.

لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە بەخشینی كەمئەندام و خاوەن پێداویستە تایبەتەكان لە وەرگرتنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و دەرچوونی رێنمایی ژمارە (20) ی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە 29/4/2013 و نووسراوی ژمارە (8150) تایبەت بە بەخشینی پێشینەی هاوسەرگیریی كەمئەندامان، لە ئێستادا ئەم بڕیارە لەلایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی جێبەجێ دەكرێت و هەموو ئەو كەمئەندامانەی لە 1/1/2013 وە هاوسەرگیرییان كردووە دەتوانن لەم بڕیارە سوودمەند بن و پێشینەی هاوسەرگیری وەربگرن بێ‌ ئەوەی پێشینەكە بگەڕێننەوە.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی كار داوا لەسەرجەم كەمئەندامان دەكات ئەوانەی لە 1/1/2013 هاوسەرگیرییان كردووەو پێشینەیان وەرگرتووەو ئەوانەشی پێشینەیان وەرنەگرتووە، دەتوانن لەئێستادا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی كەمئەندامان لەشارو شارۆچكەكان بكەن بۆ پێدانی پشتگیری و ئەنجامدانی مامەڵەی پێویست بۆ بەخشین و سوودمەند بوون لە پێشینەی هاوسەرگیری.
Top