21ی تشرینی دووهم/ ئۆکتۆبەر(گولان میدیا)- بەئامادەبوونی کاوە مەحموود وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ھونەردۆستانی شارەکەو ھونەرمەندانی ھەر چوار پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و کەرکووک، فێستیڤاڵی ساڵانەی ھونەرمەندی گەورەی کورد تایەر تۆفیق بەڕێوەچوو کە ھاوکات بوو بە رۆژی ھونەر لە کۆیە. سەرەتای مەراسیمەکە بە خوێندنەوەی وتاری وەزیری رۆشنبیری و لاوان و قائیمقامی قەزای کۆیەو تیپی مۆسیقای باواجی دەستی پێکرد. دواتر چەندین لە گۆرانییەکانی ھونەرمەند تایەر تۆفیق لە لایەن چەند ھونەرمەندێک گوترانەوە، دواتریش خەڵاتی رێزلێنانی تایەر تۆفیق بەخشرایە ھونەرمەندان ھۆمەر دزەیی و بەھجەت یەحیاو عەدنان کەریم و ئەیوب عەلی و عەباس محەمەد و ئەنوەر قەرەداغی و سەردار ئەحمەد و باکووری و وریا ئەحمەدو ئەمیر کەبابچی و تیپی مۆسیقای کەرکوک و دھۆک و چەند ھونەرمەندێکی تر. شیاوی باسە ھونەرمەند تایەر تۆفیق دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی لە رێکەوتی ٢٠/١٠/ ١٩٨٧ لە کۆیە کۆچی دوایی کردو ھەر لەکۆیە بەخاک سپێردراوە.