لە فەرمانگەكاندا، لیژنە بۆ چاودێری و بەدواداچوونی زیادەڕەوی پێكدەهێنرێت
بەسەرپەرەشتی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی شارەوانییەكانی سلێمانی و قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی رێگەوبانی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی لەدیوانی پارێزگا كۆبوونەوەیەك لەبارەی گرتنەبەری میكانیزمی نوێ بۆ رێگری لە زیادەڕەوی لەسەر موڵكی گشتی بەرێوەچوو.
لەكۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند رێوشوێنەكان بۆ رێگری لە زیادەڕەوی لە ئاستی پێویستدا نین و \"پێویستە میكانیزمی نوێ بگیرێتە بەر و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان زیاتر بخرێنە ژێر بەرپرسیاری لەو رووەوە ، پارێزگار راشیگەیاند\"" دەبێت لە یەكەم ساتەوە نەهێڵدرێت زیادەڕەوییەكان ئەنجام بدرێت\""
لە كۆبوونەوەكەدا بەوردی باسی دانانی میكانیزمی نوێ كرا بۆ رێگری لە زیادەڕەوی و لەو رووەشەوە بریاردرا: فەرمانگەكانی شارەوانی و شارەوانییەكان و رێگەوبان و كشتوكاڵ لە هەموو ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی لە فەرمانگەكانیاندا لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنن بۆ چاودێر و بەدواداچوونی زیادەڕەوی لەسەر موڵكی گشتی و لەكاتی روودانی هەر زیادەڕەوییەكدا بەزووترین كات یەكە ئیدارییەكان ئاگادار بكەنەوەو هاوكاریان بكەن بۆ لابردنی زیادەڕەوییەكان.
هاوكات تەئكید كرایەوە كە پێویستە بەشی یاسای فەرمانگەكان زیاتر ئەكتیڤ بن و هەر كەسێك زیادەڕەوی كردە سەر موڵكی گشتی سكاڵا لەسەر تۆمار بكەن و تەنیا بەلابردنی زیادەڕەوییەكە لەو تاوانە خۆش نەبن. لەو رووەشەوە بریاری دادگا بۆ بەندكردنی چەند كەسێك لەسەر كەیسی زیادەڕەوی بە \""سەرەتایەكی باش \""هەڵسەنگێندرا.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لە سەر بوونی ژمارەیەك كێڵگەی سەوزە لە سنوری سلێماندا كە بە ئاوی قورس ئاو دەدرێن ، لە رووەوە پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ مەترسی ئەو بابەتە لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان كرد و فەرمانگەكانی شارەوانی و ئاوی ژێرزەوی راسپارد لەسنوری سلێمانیدا زەوی گونجاو ئامادە بكەن بۆ خاوەنی ئەو كێڵگانە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو زەویانەو بە ئاوی خاوێن سەوزە بچێنن و دور بكەونەوە لە بەكارهێنانی ئاوی قورس بۆ ئاودانی كێڵگەكانی سەوزە."
