لەیەک ھەفتەدا حەڤدە ھەزار ئاژەڵ تەنھا لە کوشتارگەی پارێزگاکان سەربڕاون

لەیەک ھەفتەدا حەڤدە ھەزار ئاژەڵ تەنھا لە کوشتارگەی پارێزگاکان سەربڕاون
بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، لە یەک حەفتەدا, لە کوشتارگاکانی ئاژەلی لەسەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر, سلێمانی و دھۆک و گەرمیانەوە زیاتر لە ١٤ ھەزار سەر ئاژەڵی بچووک ء نزیکەی سێ ھەزار سەر رەشەوڵاخ سەربڕاون.

پزیشکی ڤێتێرنەری راوێژکار و بەرێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری, د.ئازاد خۆشناو لەلێدوانێکی دا بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: لە سێ رۆژی بەر لە جەژن و چوار رۆژی جەژنی قوربان, لە گشت کوشتارگاکانی ھەرێمی کوردستان لەسەنتەری پارێزگاکان بەگەرمیانیشەوە, زیاتر لە ١٤ ھەزار سەر ئاژەڵی بچووک و نزیکەی سێ ھەزار سەر ئاژەڵی گەورە، سەربڕاون, جگە لەسەربڕینی ئاژەڵێکی زۆری جۆراوجۆر وەک قوربانی لەلایەن ھاووڵاتیانەوە لەماڵەکانی خۆیاندا کە داتاکان لەلای ئێمە نین کراون بە قوربانی.

خۆشناو وتیشی: تەنھا لە کوشتارگەی قەرەگوڵی سەنتەری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە چوار ھەزار سەر ئاژەلی بچووک و زیاتر لە ٤١٧ سەر ئاژەلی گەورە سەربڕاون, لەگۆشتگەی ھاوچەرخی سەنتەری پارێزگای ھەولێر چوار ھەزار سەر ئاژەلی بچووک و زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ ئاژەڵی گەورە سەربڕاون, لە دھۆکیش زیاتر لە چوار ھەزار سەر ئاژەڵی بچووک و ٧٨٠ ئاژەلی گەورە سەربڕاون. لە کوشتارگەی کەلاریش لە دەڤەری گەرمیان نزیکەی دوو ھەزار سەر ئاژەلی بچووک و تەنھا ٢٥٠ ئاژەڵی گەورە سەربڕاون.

بەبۆنەی ھاتنی جەژنی قوربانی ئەمساڵ لە رێگای دەزگاکانی راگەیاندنەوە رێنمایی خەلکی کوردستان کرا بە ئەنجامدان قوربانیەکانیان لەکوشتارگەکانی ئاژەڵی, بۆ ئەوەی تەندروستی ھاووڵاتیان پارێزراو بن و گۆشتێکی پاک و تەندروست بگاتە ھاوڵاتیان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان بەگشتی بپارێزرێت, لەمبارەیەوە ئاسانکاری زۆر کرا بەواڵاکردنی دەرگای کوشتارگەکانی ئاژەڵی بەستافی پزیشک و کارمەندی ڤێتێرنەری پسپۆرو شارەزا, بەخۆرایی گشت خزمەتگوزاریەکان تەنانەت گواستنەوەی لاشەی ئاژەڵە سەربراوەکان بۆ ماڵی ھاوڵاتیان بەبێیەرامبەر بوو, ھەبوونی دووتیمی ڤێتێرنەری گەڕۆک بەتایبەتی لەشاری ھەولێر کەژمارەی مۆبایلەکانیان بڵاوکراوەبوو لەدەزگاکانی راگەیاندن بۆ بەھاناچوونی ئەو ھاوولاتیانەی کەلەماڵەوە قوربانیان ئەنجامدا لەکاتی ھەبوونی گومان لەگۆشتی قوربانیەکە لەلایەنی تەندروستیەوە.
Top