تەقینەوەی مین لە مەریوان 7 منداڵی بە سەختی برینداركرد

 تەقینەوەی مین لە مەریوان 7 منداڵی بە سەختی برینداركرد
بەهۆی تەقینەوەی مین لە یەكێك لە گوندەكانی دەوروبەری شاری مەریوان لە رۆژهەڵاتی كوردستان، 7 منداڵ بریندار بوون.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 18-10-2013 لە گوندی \"نشكاش\""ی سەر بە شاری مەریوان و لە كاتی یاریكردنی كۆمەڵێك منداڵ لە كۆنە سەربازگەیەكی سوپای پاسداران، كە ئێستا چۆڵكراوە، مینێكی بەجێماو لەو سەربازگەیە تەقییەوە و 7 منداڵی (8 – 10) ساڵانی ئەو گوندە، كە چواریان كوڕن و سێ منداڵی دیكەشیان كچن، بەسەختی بریندار كرد.

یەكێك لەو منداڵانە بەناوی \""گەشین كەریمی\"" كە تەمەنی ٨ ساڵ دەبێت بە هۆی سەختی برینەكەیەوە رەوانەی ناوەندە پزیشكییەكانی تاران كراوە و دەگوترێت كە قاچێكی لەدەست داوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەو 6 منداڵەكەی دیكە كە ناویان \""خەبات كەریمی، سینا دژئاهەنگ، زانا پاو، بێهنووش زیادی موقەدەم، مەتین رەخش بەهار و ئاڵا رووبینا\""یە لە نەخۆشخانەی \""بووعەلی\""ی شاری مەریوان لە ژێر چاودێریی پزیشكیدان.

سەبارەت بە چۆنێتی ئەو رووداوە، ئومێد كەریمیان نوێنەری شاری مەریوان لە پەرلەمانی ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە \""یەكێك لە منداڵەكان ئەو مینە لە دەرەوەی گوندەكە دەدۆزێتەوە و دەیهێنێتە ناو گوندەكە و لە كاتی یاریكردنی ئەو منداڵانە دەتەقێتەوە\"".

ئومێد كەریمیان بە ئاماژەدان بەوەی كە لە مانگی رابردووش لە گوندی دزڵی سەر بە شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین هاووڵاتییەك گیانی لەدەست داوە، رەخنەی لە وەزارەتی بەرگری‌و وەزارەتی ناوخۆی ئێران گرت، كە كەمتەرخەمییان كردووە لە پاكنەكردنەوەی ئەو مینانەی لە ناوچەكە هەن.

نوێنەری شاری مەریوان رایگەیاند \"" هەفتەی داهاتوو وەزیرەكانی ناوخۆ و بەرگری ئێران بانگهێشتی پەرلەمان دەكات‌و پرسیاریان لێدەكات.\""

ساڵانە بەهۆی ئەو مینانەی كە لە ناوچە سنوورییەكان و كۆنە سەربازگەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگاكانی ورمێ،كوردستان، كرماشان و ئیلام لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی شەڕی ئێران و عێراق بەجێماون، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان دەبنە قوربانی.








رووداو"
Top