بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە موسڵمانان دەكات

بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆز، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە موسڵمانان دەكات
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، بەناوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و عیراق و جیهان بە گشتی دەكەین.

هیوادارین جەژنی قوربان ببێتە مایەی خێروخۆشی و بەختەوەری بۆ هەموولایەك و هەرێمی كوردستانیش لە پێشكەوتن و ئارامی و خۆشگوزەرانی بەردەوام بێت.

ئەگەرچی بەم دواییە دوژمنانی ئەزموونەكەمان ویستیان رەوڕەوەی دیموكراسی و پێشكەوتن و ئاسوودەیی هاوڵاتیان بووەستێنن، بەڵام پارێزەرانی ئەم ئەزموونە باوەشیان بە مەرگدا كرد و نەیانهێشت پیلانی دوژمنانی گەلەكەمان سەربكەوێت.

هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە یەكڕیزی و برایەتی و تەبایی و پێكەوە ژیان و لێبوردەیی هەیە بۆ بونیاتنانی كۆمەڵگایەكی پێشكەوتووی سەقامگیر. هیوادارین جەژن ببێتە فاكتەرێك بۆ گەیشتن بەم ئامانجە پیرۆزە.

هەر بەم بۆنەیەوە بە گەرمی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و تەواوی كارمەندانی ناوخۆو تەندروستی و هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین كە لە رۆژانی جەژن، دوور لە خانەوادەو كەس و كاریان رۆژانی جەژن بۆ ئاسوودەیی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان بەسەر دەبەن.

دووبارە جەژن لە هەموولایەك پیرۆزبێت و هەر لە خۆشی بەختەوەریدابن.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران

Top