پۆلیسی ھەولێر ١٧تاوانبار دەستگیر دەکات و پلانی ئەمنی رۆژانی جەژنیش رادەگەینێت
بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا گوتی: لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونانەی پۆلیس کردوویەتی چەند تاوانبارێک دەستگیرکراون. لەوانەش
تاوانبارێک کە عەرەبەو بە خێزانەوە لە ھەولێر بووە دەستگیراکراوە بەھۆی ئەنجامدانی کاری دزیکردن لەو گەڕەکەی کە خۆی تێیدا نیشتەجێ بووە.
تاوانبارێکی دیکە ١٤ تاوانی دزیکردنی ئەنجامداوە، کە زۆرینەی تاوانەکانی لە دارەتوو و گەڕەکی سەربەرزی شاری ھەولێر ئەنجامداوەو بە ھۆی دزی جارێکی دیکە دەستگیرکراوە بەڵام بەھۆی لێبوردنی گشتی ئازاد کراوە.
دوو تاوانباری دیکە تاوانی دزیان ئەنجامداوە، لەگەڵ گیرانیان چەکی بچووک و چەقۆیان پێبووە.
ھەروەھا تاوانبارێکی دیکە ئۆتۆمبێلێکی دزیوە و سەرەنجام تاوانبارەکە بەو ئۆتۆمبیلەی دزیویەتی دەستگیرکرا و ناوبراو ھاوڵاتی یەکێک لە وڵاتانی دەوروبەرە.
ھەروەھا سێ تاوانباری دیکە کە حەوت دزیان لەناو شار ئەنجامداوە و ھەرسێ تاوانبارەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
ھەروەھا تاوانبارێکی دیکە کە ئافرەتە نزیکەی ١٥ ھەزار دۆلاری لە ھەولێر دزیوەو ئێستاکە دەستگیرکراوە.
چوار تاوانباری دیکە کە دانیشتووی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان دوای ئەوەی کە لە کۆمپانیایەکی زێر کاریان کردووە، چەند پارچە زێڕێکیان دزیوەو پاشانیش بەو زێڕانەوە دەستگیرکراون.
ھەروەھا پۆلیس ڕایگەیاند دوو تاوانباریان دە ستگیر کردووە کە کەلوپەلی بیناسازییان دزیوەو و لە کاتی تاوانەکانیشیاندا چەکیان پێبووەو لەئەنجامی ھەوڵی ھێزە ئەمنیییەکان بۆ دەستگیرکردنیان، لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان ڕووبە ڕوو بوونەتەوە.
تاوانبارێکی دیکە دەستگیرکراوە کە لە ناحیەی عەنکاوە چەندان تاوانی ئەنجامداوە و دەستگیرکراوە.
تاوانبارێکی دیکەی بکوژیش کە خێزانەکەیی و منداڵەکەی بە چەکی کلاشینکۆف کوشتووە ئەویش دەستگیرکراوە
بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گوتیشی ئەو تاوانبارانەی دەستگیرکراون بەپێی یاساو بەپێی بڕیاری دادگایی دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە ھەندێک دۆسییە بەردەوامە.
لەبارەی پلانی ئەمنیش بەرێوەبەری پۆلیس گوتی: سەرجەم ھێزە ئەمینییەکامن ئەرکی پاراستنی ھەولێریان کەوتۆتە ئەستۆو ھاوڵاتیان دڵنیابن لەوەی کە سەروماڵیان سەلامەتە.
لەبارەی ئەو دوو ھاوڵاتییەی لەم ھەفتەیەدا لە بەردەمی ئاسایش تەقەیان لێکراوە بەرێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گوتی ئەو دوو ھاوڵاتییە بەھۆی خواردنەوەی بڕێکی زۆری مەی ھۆشیان لە دەستداوەو کۆنترۆڵیان لەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان نەماوە و بەپێچەوانەی ئاراستەی دیاریکراو بەبەردەمی ئاسایشدا ڕەت بوونەوە ھێزەکانی ئاسایشیش تەقەیان لێکردوون، بەڵام بەھۆی ئەوەی کێشەکە کێشەیەکی پۆلیسییە بۆ ئەو دوو ھاوڵاتییە ئێستاکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
ھەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە پۆلیسەوە سەرچاوە دەگرن ئەو ١٧ تاوانبارەی دەستگیرکراون ٧ یان بیانی و ٢ یان عەرەبن و ئەوانی تریش ھاوڵاتی کوردستانین.
