پلانی ئەمنی ناوچەی گەرمیان بۆ رۆژانی جەژن زیاتر کۆنترڵکردنی سنوورەکانە

پلانی ئەمنی ناوچەی گەرمیان بۆ رۆژانی جەژن زیاتر کۆنترڵکردنی سنوورەکانە
لە پێناو دابینکردنی کەشوھەوایەکی ئارام بۆ ھاووڵاتیان و ئەو گەشتیارانەی بەبۆنەی رۆژانی جەژنی قوربانەوە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، لایەنە ئەمنییەکانی سنووری گەرمیان پلانی خۆیان راگەیاند و لە نێونیشیدا چاودێریکردنی زیاترو کۆنترۆڵکردنی سنوورە ھاوبەشەکانە لە گەل َشارەکانی ناوەڕاستی عێراق.


وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان موقدەم حەسەن محەممەد بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ بە مەبەست و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتیان و دابینکردنی کەشێکی ئارام پلانێکی ئەمنی تۆکمەییان داڕشتووە کە خۆی لە چەند خالێدا دەبینێتەوە لەوانە:
١- چاودێریەکی ووردی خاڵە سنورییەکان کە ھاوبەشین لەگەڵ ھێڵی سوور و ووڵاتی دراوسێ کە کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بە تایبەت پتەوکردنی خاڵە پشکنینەکانی ناوچەکانی قەرەتەپە و جەلەولا کە ھێزی ھاوبەشمان ھەیە لەگەڵ سوپای عێراقدا لە قەزاکانی دیکەی وەکو چەمچەماڵ و خانەقین و کفری بە ھەمان شێوە.

٢- دروستکردنی ھێزێکی ھاوبەش کە پێکھاتووە لە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی ھاتووچۆ و پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان و پۆلیسی بەرگری شارستانی کە ھەماھەنگ و ھاوکاردەبن بۆ چارەسەرکردنی ھەرکێشەیەک و کارێکی تێکدەرانە، ئەم ھێزانەش ھاوکاری یەکتر دەبن و ھەروەھا تیمی تایبەتی فریاکەوتنی سەرەتایی بەتەواوی پێداویستییەکانەوە لەگەڵماندا دەبن کە لە لایەن تەندروستی گەرمیانەوە ئامادەکراوە بۆ بەھاناوەچوونی ھاووڵاتیان لە کاتی ھەر رووداوێکی نەخوازراو.


٣- پۆلیسی فریاکەوتنی (١٠٤ ) بەشەو و ڕۆژ ٢٤ کاتژمێر لە ئامادەباشیدا دەبێت لە زۆربەی شوێنە گشتی و شەقامەکان و گەشتیارەکاندا.

٤- تەقەکردن و فرۆشتنی یاریە ئاگرینەکان قەدەغەیە ھەر دووکاندارێک بیفرۆشێت ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە و بە پێی یاسا سزا دەدرێت و باوک ودایکی مناڵەکانمان ڕادەسپێرین کە ڕێگری لە کڕینی ئەو جۆرە یاریانە بکەن تاوەکو نەبێتە کێشەوگرفت بۆ مناڵەکانیان.

٥- ھەرکەسێکی نامۆ و غەریب و بیانی ڕێگاپێدراو نەبێت بەپێی یاساو لە لایەن ھێزە ئەمنییەکان و بــە ئاگاداری دادوەر دەستگیردەکرێت و ڕادەستی پۆلیس و ئاسایش دەکرێت و ھاووڵاتیانی بەڕێزیش ئەتوانن ھاوکارمان بن لەو ڕوانگەیەوە.
Top