سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندی هاوبەشی چوار حزبی ناو یەكێتیی سیاسیی لە سووریا دەكات
لە دیدارێكدا شاندی میوان كە پێكهاتبوون لە سكرتێر و نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (ئەلپارتی) و هەر دوو پارتی ئازادیی كورد لە سووریا و حزبی یەكێتیی كوردستان، سەرۆك بارزانیان لە بڕیاری پێكهێنانی كیانێكی نوێی سیاسیی ئاگادار كردەوە كە لەو چوار حزبەی ڕۆژئاوای كوردستان پێكدەهێنرێت. ناوی ئەو پارتە سیاسییە یەكگرتوو و هاوبەشە (پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا) دەبێت و ئامانجی سەرەكیی ئەم بڕیارە لەیەكنزیكردنەوەی زیاتری لایەنە كوردییەكانی سووریا دەبێت. بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ئەوەیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە یەكگرتنی چوار حزبەكە و پێكهێنانی ئەم حزبە نوێیە هاوبەشە دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی ئەنجومەنی نیشتیمانیی كوردی و هۆكارێكیش دەبێت بۆ ئەوەی دۆزی ڕەوای كورد لە سووریا بەرەو پێشەوە بچێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پێشوازیی لەم هەنگاوە كرد و هیوای خواست كە ئەم یەكگرتنە ببێتە هۆی بەهێزتربوونی پێگەی كورد لە ڕۆژئاوا و ڕایگەیاند سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر ڕۆژئاوای كوردستان ئەوەیە كە لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا لەیەك نزیكببنەوە و وتارێكی هاوبەشی نەتەوەییان هەبێت و ناوماڵی كورد لەوبەشەی كوردستاندا ڕێكبخرێت. هەروەها سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە ئەوەی لە دواڕۆژی سووریا بۆ ئێمە جێگەی بایەخە ئەوەیە كە سووریای داهاتوو سوورییایەكی دیموكراتی و فرەلایەن بێت و مافی گەلی كورد و هەموو پێكهاتەكان گەرەنتی ببێت.
