ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان-ەوە بۆ ڕای گشتیی ھەرێمی کوردستان

ڕوونکردنەوەیەک لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان-ەوە بۆ ڕای گشتیی ھەرێمی کوردستان
25ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- ڕۆژی ٢١ـی ئەیلوول خەڵکی کوردستان لە ھەڵبژاردنێکی ئازاد و سەرکەوتوودا تینێکی دیکەیان بە دەستەڵاتی گەلسالاری و پێشکەوتنی وڵات دا و نموونەیەکی سەردەمیانەی بەشداریی ھاووڵاتیان لە پڕۆسەی سیاسیی وڵات خرایە ڕوو. بە شایەتی و ئیعترافی نوێنەرانی وڵاتان و سەرجەم چاودێرە نێوەدەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکردەی حزبەکانیش پڕۆسەی ھەڵبژاردن بەگشتی بە سەرکەوتوو و خاوێن و نموونەیی لەقەڵەم دراوە.
بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە لە دوو ڕۆژەی دواییدا ھەندێ کەس و لایەن و دەزگای میدیاییلەبری ئەوەی چاوەڕێی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانەوە بن و ئەوکاتە بە ڕێگەی یاسایی و دروست ھەر سکاڵا و تێبینییەکیان ھەبێت بیخەنەڕوو، کەچیکەوتوونەتە بەخشینەوەی تۆمەتی ناڕاست و بێ بنەما و ھەوڵی لەکەدارکردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان و زیانگەیاندن بە پێگە و ناوبانگی پڕۆسەی دیموکراسی لە ھەرێمی کوردستان.
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە گشت قۆناغەکانی پڕۆسەکە نوێنەر و چاودێری ھەموو حزبەکان لەکاتی دەنگدان و ھەژمارکردنی دەنگەکان ئامادە بوونە و دەیان چاودێری ناوخۆیی و بیانییش چاودێریی پڕۆسەکەیان کردووە و ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنیش گونجاو بوونە.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وێڕای بوونی ھەندێ تێبینی و سەرنجی خۆمان لەسەر پڕۆسەکە، بەڵام پێمان وایە پێویستە ھەموو لایەکمان بە پشوودرێژی و ھەست بە بەرپرسیارێتیکردنەوە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان بین و لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان ھەر لایەنێک مافی خۆیەتی سکالا و تانەی ھەبێت لەسەر ئەنجامەکان و بەپێی یاسا پێشکەشی بکات.
لەو باوەڕەشداین ئەو ھەرا ئیعلامیەی ئەو کەس و لایەنانە دەستیان پێ کردووە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان لەوە ڕاھاتوون کە دژایەتیی ھەموو شتێک بکەن و ئامانجیشیان ناشرینکردنی پڕۆسەکە و زیانگەیاندن بە ناوبانگی ھەرێم و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و تێکدانی ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی و شڵەژاندنی باری دەروونی ھاووڵاتیانی کوردستانە. پێویستە ھەموومان ملکەجی ئیرادەی گەلەکەمان بین و لەبری دروستکردنی تەشەنوجات و تۆمەتبەخشینەوەی بێبنەما و شەڕی دەروونی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردستانی، پێویستە بە ڕۆحێکی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین و ھەموومان بیر لە داھاتوو و بەختەوەریی ھاووڵاتیان و گەشەسەندنی وڵاتەکەمان بکەینەوە.

دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٥ـی ٩ـی ٢٠١٣
Top