سه‌رۆك بارزانی: بەشداریكردنی ئەم ڕێژەیەی خەڵك له‌ هه‌ڵبژاردن جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە

سه‌رۆك بارزانی: بەشداریكردنی ئەم ڕێژەیەی خەڵك له‌ هه‌ڵبژاردن جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە
ئێوارەی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لۆرد جۆناتان مارلەند سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی به‌ریتانیا بۆ كاروباری بازرگانی و شاندێكی یاوەری كرد و شاندی میوان رێژەی بەشداریی 73%ـی هاووڵاتیانی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بە مایەی سەرسوڕمان وەسف كرد و راگەیاند كە بەمزووانە یەكێك لە گەورە بانقە نێودەوڵەتییەكانی به‌ریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆی دەكاتەوە.



لە دیدارێكدا سەرەتا لۆرد جۆناتان مارلەند خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشان دا و پیرۆزبایی و سوپاسی خۆیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و ڕێژەی بەشداریی 73%ـی هاووڵاتیانی كوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بە مایەی سەرسووڕمان وەسف كرد و گوتی: \"ئەم ڕێژەیە بەڵگەیە لەسەر بایەخی ئەم هەڵبژاردنە لە ژیانی هاووڵاتیانی كوردستاندا\"".



لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی نێردە تایبەتییەكانی سەرۆكوەزیرانی به‌ریتانیا باسی بارودۆخ و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی كرد كە زۆر هاندەرە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا مەیلێكی زۆر لای كۆمپانییاكانی به‌ریتانیا هەیە بۆ ئەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا لە هەرێمی كوردستان كار بكەن و هەروەها بە سەرۆك بارزانی راگەیاند كە بەمزووانە یەكێك لە گەورە بانقە نێودەوڵەتییەكانی به‌ریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆی دەكاتەوە و هەروەها كار بۆ ئەوەش دەكرێ كە زانكۆكانی به‌ریتانیا لە هەرێمی كوردستان لقی خۆیان بكەنەوە.



لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵیی خۆشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و به‌ریتانیا لە بوارە جۆراوجۆرەكان نیشان دا.

سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: \""خەڵكی ئێمە لەسەر ئەوە ڕاهاتوون كە بە شێوەیەكی دیموكراتیانە بەشداری ژیانی سیاسی بن و بەشداریكردنی ئەم ڕێژەیەی خەڵك جێگەی ئومێد و خۆشحاڵییە\"".



بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا و دۆخی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوون و سەبارەت بە دواڕۆژی سووریا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان بایەخی هەیە ئەوەیە كە لە دواڕۆژی سووریادا دیموكراسی و مافەكانی گەلی كورد مسۆگەر بكرێن.



پەیوەست بە باری ژیانی پەنابەرانی سووریا لە هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە یارمەتیدانی ئاوارەكان بۆ ئێمە ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤییە و ئەوەشی بۆ شاندی میوان باس كرد كە كۆمەڵگەی دەولی وەك پێویست گرنگی بە پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان نەداوە."
Top