میدیاكانی جیهان سەركەوتنی هەڵبژاردنی هەرێم بە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی سەیر دەكەن

میدیاكانی جیهان سەركەوتنی هەڵبژاردنی هەرێم بە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی سەیر دەكەن
23ی ئەیلول/ سپتەمبەر(گولان میدیا)- شەممەی ڕابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەشێكی ئارام و سەقامگیردا ئەنجام درا و، ئەمەش دەنگدانەوەیەكی جیهانیی لە میدیاكاندا لێكەوتەوە و بەشێكی زۆر لە میدیاكانی جیهان بە گرنگییەوە رووماڵی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.

كەناڵی \"بی بی سی\"" كە هەر لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكاندا بەردەوام ڕووماڵێكی باشی هەڵبژاردنەكانی كرد، بە گرنگییەوە باس لەوە دەكات كە لە رەوشێكی هەستیاردا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كوردەكان هەڵبژاردنیان ئەنجام دا. هاوكات دەشنووسێت كە ئەو هەڵبژاردنە بۆ هەموو خەڵكی كوردستان لە هەموو جیهاندا، مێژووییە. \""بی بی سی\"" لە رێگای بەشی ئینگلیزیی ماڵپەرەكەیەوە، هەرێمی كوردستان بە جیهانێكی جیاواز لەوەی عێراق وەسف دەكات و دەنووسێت كە ئەگەر لە رووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە باسی بكەین، ئەوا هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی تەواو جیاوازە لە هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق.

هەرەوەها لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا هاتووە كە لە دوای ساڵی 2003ـوە هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رووی وەبەرهێنان و ئابوورییەوە زۆر پێشكەوتووە و بەردەوامیش ئەو گەشەسەندنە فراوان دەبێت. هەمان ماڵپەر لە راپۆرتێكی تردا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك یاریكەری سەرەكی لە هەرێمی كوردستان وەسف دەكات كە بە رای زۆرێك لە چاودێران، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەمجارەش بەدەست دێنێت.

جگە لە \""بی بی سی\"" تۆڕی هەواڵی \""سكای نیوز\""ـی بەریتانی لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكاندا چەندین راپۆرتی ڤیدیۆیی و تێكستی لەسەر هەڵبژاردنەكان بڵاو كردەوە و لە راپۆرتێكیشدا دەنووسێت كە پارتی پڕجەماوەرترین پارتی هەرێمی كوردستانە و چاوەڕێ دەكرێت ئەمجارەش زۆرینەی دەنگەكان مسۆگەر بكات.

\""سكای نیوز\"" هەروەها دەنووسێت: كوردەكان كە مێژوو بەسەر چوار وڵاتدا دابەشی كردوون، هەندێكیان بەدوای باشترین رەوشی ژیاندا دەگەڕێن لە چوارچێوەی هەرێمێك و هەندێكی دیكەشیان خەریكە مافەكانیان بەدەست دێنن. هەروەها دەشنووسێت كە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە كە كوردەكان چەندین ساڵە بەدوای هەرێمێكی سەربەخۆدا دەگەڕێن. بڵاویشی دەكاتەوە كە نیشانەی جیاكەرەوەی هەرێمی كوردستان لە هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق، ئەو سەقامگیری و پێشكەوتنەیە كە هەرێم بەخۆیەوە بینیوە، كوردیش لە رابردوودا نەهامەتیی زۆریان بەدەست وڵاتانی سووریا و عێراق و توركیا و ئێران دیوە، لە رووی ئابووریشەوە هەرێمی كوردستان بۆرییەكی نەوتی تایبەت بە خۆی دروست كردووە و نەوت بۆ توركیا دەنێرێت، جگە لە راكێشانی چەندین كۆمپانیای جیهانی لە و بوارە، ئابووریی هەرێمیش لە گەشەیەكی خێرادایە. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە 31 قەوارە و دوو هاوپەیمانی تێیدا بەشدار بوون.

لە میدیا توركییەكان و میدیای چەند وڵاتێكی دیكەش رەنگدانەوەی زۆری هەبوو. ماڵپەری رۆژنامەی حووریەتی توركی لە سەردێری هەواڵەكانیدا وێنەی دەنگدانەكەی نێچیرڤان بارزانی و هاوسەرەكەی بڵاو كردەوە لە كاتی بەشدارییان لە پرۆسەی دەنگداندا.

هەریەك لە رۆژنامەكانی تودەی زەمان و رادیكاڵیش بە گرنگییەوە باسی هەڵبژاردنەكەیان كردبوو.

میدیای ئەڵمانیاش بەدەر نەبوو لە ڕووماڵی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و ئاماژەیان دا كە بە هۆی ئەو سیاسەتەی كە لە رووی ئابووری و سیاسییەوە ئەو هەرێمە پەیڕەوی دەكات، پەیوەندیی پتەوی لەگەڵ زۆربەی وڵاتان هەیە و ئێستا بەشی زۆری وڵاتانی جیهان بە گرنگییەوە لە پێشكەوتەكانی هەرێمی كوردستان دەڕوانن.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لەبارەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كورستان نووسیویەتی\"" كوردەكان لە كاتێكدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن كە بۆریی نەوتی نێوان هەرێم و توركیا لە تەواوبووندایە و لە كاتی تەواوبوونیشیدا كوردستان بە تەواوی سەربەخۆ دەكات لە بەغدا و كوردەكان بە دوای ئەوەن كە هەرێمەكەیان بەرەوپێشتر ببەن.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس و فرانس پرێس و ماڵپەری رێكخراوە بێ نوێنەرەكانی جیهانیش، راپۆرتی تایبەتیان لەسەر هەڵبژاردنەكان بڵاو كردەوە و بە هەنگاوێكی مێژوویی هەرێمی كوردستانیان لە قەڵەم دا. لە لایەكی دیكەوە، نوێنەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان جۆرج بۆستن، رایگەیاند كە خەڵكی كوردستان لە پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانی كوردستاندا روویەكی باش و گەشیان نیشانی جیهان دا.

ئەو پرۆسەكەی بە سەركەوتوو نابرد و گوتی كە رێژەی دەنگدەران باش بووە و ئەوەیش پاڵپشتێكی بەهێزە بۆ دیموكراسی. جۆرج بۆستن هیوایشی خواست كە ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان ببێتە پێشەنگ بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق و چاوی لێبكەن و وانەی لێوە فێر بن.

ئەو سەركەوتنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، گۆڤاری \""تایم\""ـی هێنایە قسە و ڕایگەیاند كە لە كاتێكدا لە پارچەكانی دیكەی عێراقدا چەند رووداوێكی توندوتیژی رووی داوە، كوردانی هەرێمی كوردستان روویان لە سندووقەكانی دەنگدان كرد بۆ هەڵبژاردنی 111 كاندید بۆ پەرلەمانی كوردستان. \""تایم\"" نووسیویەتی كە كوردەكان دەیانەوێت زیاتر پەرە بە خۆبەڕێوەبردن بدەن و تەئكیدیش لەسەر پاراستنی ئاسایشی ناوچەكانیان دەكەنەوە.

هاوكات رۆژنامەی لاریپەربلیكای ئیتاڵی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت \""بنكەكانی دەنگدان لە كوردستان بە ڕووی هاوڵاتیاندا كرانەوە و لە پاش چوار ساڵ هاووڵاتیان دووبارە بە گوڕوتینەوە بەرەو دەنگدانی یاسایی هەرێمەكەیان دەچن."
Top