سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان‌ داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە هوشیارییەوە دەنگ بدەن

سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان‌ داوا لە هاووڵاتیان دەکات بە هوشیارییەوە دەنگ بدەن
سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەرلەمانی کوردستان، بە بۆنەی نزیك بوونەوەی رۆژی دەنگدان، داوای لە خەڵکی کوردستان کرد بە هەستییاریەوە بڕۆنە سەرسندووقەکانی دەنگدان. دکتۆر بەشیر حەداد لە پەیوەندی لەگەڵ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەم خاڵانە کرد:

١- هەڵبژاردن وەك یەكێك لە میكانیزم و شێوازی دەستنیشانكردنی دەزگا باڵاكانی دەوڵەت وەك پەرلەمان و حكومەت و ئەنجومەنەكان و تەنانەت سەرۆكی وڵاتیش بە باشترین و دادپەروەرترین میكانیزم و ئامراز دەزانین ئەگەر بە راست و دروستی ئەنجامبدرێت.

٢- بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان لەلایەن دەنگدەرانەوە و چونە سەر سندوقەكانی دەنگدان ئەركێكی ئایینی ونیشتمانی ئەخلاقییە، بۆیە زۆر گرنگە خوشك و برایانمان لە گەنجان و پیران ئەم ئەركە جێبەجێ بكەن و ئەمانەت لە ئەستۆی خۆیان لابدەن .

٣- زۆر گرنگە دەنگدەر نەهێڵیت دەنگی بە فیرۆ بروات و بیدات بەو كەس و لایەنەی كە قەناعەتی تەواوی هەیە بە كەفائەت و ئەمانەتی وە بە ئەزمونی كاركردنی.

٤- خوشك و برایان چاك بزانن دەنگی ئێوە سەنگی مەحەكە و ئەمرۆ ئێوە دەسەڵاتدارن و هەموو حیزب و لایەنەكانیش تەماشای دەمی ئێوە دەكەن و چاوەروانی هەڵوێستی ئێوەن. ئێوەش بەو پەری ئازادییەوە دەنگی خۆتان بدەن و یژدانتان ئاسودە بكەن.

٥-‌ فیڵ و تەزویر كردن و زیاتر لە جارێك دەنگدان كارێكی نا شەرعی و نا یاساییە، كەسی بە باوەڕ و بە ویژدان ئەم كارە نارەوایە ناكات ئەگەر داواشی لێبكرێت پێویستە خۆی توشی ئەم گوناه و تاوانە نەكات.

٦- ئەگەر لەحاڵەتێك سوێند و تەڵاقیشیان پێ خواردیت بۆ ئەوەی ناچارت بكەن بۆ دەنگدان بە كەسێك كە تۆ بە شایستەی نازانیت، تۆ قەناعەتی خۆت بەكاربێنە و ویژدانت ئاسودە بكە و مەترسە چونكە هەر سوێندو تەڵاقێك بە زۆر بێت هیچ كاریگەرییەكی نییە.

٧- بزانە كە دەنگی تۆ كاریگەریی هەیە و مەڵێ جا بە دەنگێكی من چ دەبێت ، جاری وا بوە كە بە یەك دەنگ هاوسەنگییەكان گۆرراون،لەبەر ئەوە گرنگە بەشدار بیت و خەڵكیش هانبدەی بۆ دەنگدان ئەگەر دەتەوێت ئاییندەیەكی گەش و ئاوەدان و پر لە دادپەروەری و دوور لە گەندەڵی و كەموكوری بێتە كایەوە، دەنا نابێ دواتریش گلەیی بكەیت.

٨- لە كۆتاییشدا داوا لە گشت لایەنەكان و لیستەكانی هەلبژاردن دەكەم كە لە رۆژی دەنگدان زۆر هێمن و لەسەر خۆ و لێبوردە بن و جوانی وپاكی پرۆسەكە بپارێزن و كارێكی وا نەكەن كە خەڵكی بیانی خاڵی لاواز و ناشایستەمان لەسەر تۆمار بكات . هەروەها داواكارم لێیان كە دوای هەڵبژاردن رازی بن بە ئەنجامەكانی ئەگەر بە دڵیشیان نەبێت و نەبنە هۆكاری ئاژاوە و پشێوی نانەوە چونكە میللەت و مێژوو لە كەس نابورن. بە دڵنیاییشەوە لە هەموو هەڵبژاردنێكدا خەڵكانێك سەردەكەون و هەندێكیش دەنگی پێویست بەدەست ناهێنن. بەڵام گرنگ ئەوەیە هەموومان بەشدار بین لە سەر خستنی ئەم پرۆسە جوانە و بیكەینە نەریتی داهاتوشمان.

ئیتر بەرەو شایەتیدانی بەحەق لەسەر سندوقەكانی دەنگدان لە ٢١/٩ بە هیوای كوردستانێكی ئارامتر و ئاوەدانتر.

لەگەل رێز وتقدیرم بۆ هەموو لایەك.



براتان

د.بشیر خەلیل حەداد

سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەرلەمانی كوردستان‌ ‌

19/9/2013
Top